عه‌للاوی داوای هێوركردنه‌وه و گفتوگۆ ده‌كات له خورماتوو
K24 – هه‌ولێر:
له راگه‌یاندراوێكدا نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌یاد عه‌للاوی سه‌رۆكی ئیئتیلافی (وه‌ته‌نیه) رایگه‌یاند: عه‌للاوی داوا له هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات له شاری خورماتوو پابه‌ندی هێوركردنه‌وه بن و گفتوگۆ بكه‌ن.
له رۆژانی رابردوو شه‌ڕ و پێكدادانی توند له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبیی له خورماتوو روویدا به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبیش كوژران.
له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌یاد عه‌للاوی ده‌ڵێت: "جێگای نیگه‌رانییه بارودۆخه‌كان له نێوان برایان له رۆڵه‌كانی یه‌ك نیشتمان بۆ شه‌ڕ و كوشتار به‌ره‌و خلیسكان بچێت و به‌سه‌ر به‌هاكانی پێكه‌وه‌ژیانی دێرینی نێوان پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقی به‌ڕێز و ده‌ستكراوه له دووزخورماتوو(خورماتوو) تێپه‌ڕبێت".
له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه: "داوا له هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین له دووزخورماتوو(خورماتوو) پابه‌ندی هێوركردنه‌وه ببن" و په‌نا بۆ گفتوگۆ ببه‌ن.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: " له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌وانه‌ی جیاوازییان هه‌یه و په‌یوه‌ندیدارن (به رووداوه‌كان) ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵه‌كان بدرێت بۆ كۆتایی هێنان به ململانێ و دوورخستنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی بێ چه‌ك له‌وه‌ی تووشی مه‌ترسیی ببن".
سه‌رچاوه: پێگه‌ی فه‌رمیی ئه‌یاد عه‌للاوی له فه‌یسبوك
ئا: م.ح