سەفین دزەیی: لەسەر بارودۆخی خورماتوو حكوومەت بێدەنگ نییە

"ئەگەر خەڵكێك بیەوێت زیان بە خەلكی كوردستان بگەیەنێ ئەوا بە ھەڵە چوونە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/11a23451-4ffa-4113-8bca-8f2866ef0100/safin%20dzaiy.ism/manifest

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بارەی بارودۆخی خورماتوو بێدەنگ نەبووینە، ئێمە لایەنگری شەڕ و توندوتیژی نین، بەڵام ئەگەر خەڵكێك بیەوێت زیان بە خەڵكی كوردستان بگەیەنن بە ھەڵە چوونە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لەسەر رووداوەكانی خورماتوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بێدەنگ نەبووە، لە بەرزترین ئاست لە سەرۆكایەتی ھەرێم و سەرۆكایەتی حكوومەت و دامودەزگاكانی دیكە، بەتایبەتی لە پارێزگای كەركووك رۆڵێكی بەرچاوی ھەبوو بۆ ھێوركردنەوەی بارودۆخەكە".

گوتیشی: "ئێمە لایەنگری ئەوەین بارودۆخەكە ھێورببێتەوە و شەڕوتوندوتیژی نەبێت، بەتایبەتی لە نێوان ھێزی كوردی و برا شیعەكان، چونكە ئێمە مێژووەیەكمان بەیەكەوە ھەیە و خەباتمان بە یەكەوە كردووە، لە كاتێكدا دووژمنێكی دڕندەمان ھەیە و بەرۆكی ھەرێمی كوردستان و عێراقی گرتووە كاتی ئەوە نییە بكەوینە گیانی یەكتر".

سەفین دزەیی، ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە ھەموو ھەوڵەكان چڕبكەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەو گرفتانەی ھەیە بە گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەگەر خەڵكێك پێیوایە خوێنی كورد ھەرزانە و ھەركاتێك بیانەوێت دەتوانن زیان بە خەڵكی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە و ناوچە كوردستانییەكان ببەن بە ھەڵە چوونە، با چانسی خۆیان تاقی نەكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت بە ھێمنی گرفتەكان چارەسەر بكەین".

شەوی 23ی ئەم مانگە شەڕ لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و چەكدارانی حەشدی شەعبی دەستیپێكردووە، ئێوارەی رۆژی دواتر ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە و بەرپرسانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو كۆبوونەوە و ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام دوای ئاگربەستەكە چەند پێشمەرگەیەك شەھید كران و تا ئێستا تەقە لە یەكتر دەكرێت و بارودۆخی خورماتوو نا ئارامە.