دانيشتوانى ره‌سه‌نى خورماتوو ئاواره‌ ده‌بن

ئه‌مڕۆ دوو هاووڵاتى شه‌هيد و شه‌ش هاووڵاتى ديكه‌ له‌ ئاكامى بۆردومانى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كان بريندار بوون.

K24 – خورماتوو:

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو رايگه‌ياند، به‌ هۆى شه‌ڕوپێكدادانه‌كانه‌وه‌، هاووڵاتيانى كورديى شارۆچكه‌ى خورماتوو روويان له‌ ناوچه‌ ئارامه‌كان كردووه‌ و به‌شێك له‌ گه‌نجان و پێشمه‌رگه‌ خۆبه‌خشه‌كان ماونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رگريكردن له‌ ماڵه‌كانيان.

به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌كانى په‌يامنێرى كوردستان 24، له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو، ئه‌مڕۆ دوو هاووڵاتى شه‌هيد و شه‌ش هاووڵاتى ديكه‌ له‌ ئاكامى بۆردومانى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كان بريندار بوون.

ئه‌وه‌شى روونكرده‌وه‌، بۆردومانى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى دانيشتوانى ره‌سه‌نى شاره‌كه‌ كه‌ هاووڵاتيانى كوردن به‌ره‌و كه‌ركووك و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى خورماتوو ره‌و بكه‌ن و به‌شێكى كه‌مى هاووڵاتيان له‌ شاره‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، گه‌نجان و پێشمه‌رگه‌ خۆبه‌خشه‌كان ماونه‌ته‌وه‌ و كه‌سوكار و منداڵ و ژنانيان له‌ شارۆچكه‌كه‌ دوورخستووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ڕ له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو ده‌ستيپێكرده‌وه‌ و چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى چوار گوله‌ هاونيان ئاراسته‌ى گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كانى شاره‌كه‌ كرد و به‌ هۆيانه‌وه‌ هاووڵاتييه‌ك شه‌هيد و يه‌كێكى ديكه‌ بريندار بوو.

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو رايگه‌ياند، دواى نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوار گوله‌ هاوون ئاراسته‌ى گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كانى شارۆچكه‌كه‌ كراوون.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا ئه‌حمه‌د شێخ له‌نگه‌رى به‌رپرسى ناوچه‌ى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو تايبه‌ت به‌ كوردستان 24، رايگه‌ياند، چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى ده‌يانه‌وێت ئه‌و ناوچانه‌ بگرنه‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ده‌ستيان داوه‌.

ئاگربه‌سته‌كه‌ى دوێنێى نێوان هادى عامرى فه‌رمانده‌ى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى  و نه‌جمه‌دين كه‌ريم پارێزگارى كه‌ركووك، له‌ شه‌وى رابردووه‌وه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسى هه‌ره‌سهێنانى يه‌كجاريدايه‌ و شه‌وى رابردووش دوو هاووڵاتى كورد به‌ هۆى ته‌قه‌ى چه‌كدارانى حه‌شده‌وه‌ بريندار بوون.

دوێنێ له‌ ئاكامى په‌لاماره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ قه‌ناس كرانه‌ نيشان و شه‌هيد كران و دواى پێكدادانه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدى شه‌عبى هادى عامرى سه‌ردانى شارۆچكه‌كه‌ى كرد و له‌ لايه‌ن پارێزگارى كه‌ركوك نه‌جمه‌دين كه‌ريم و ژماره‌يه‌ك فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

پێشوازيكردنى به‌رپرسانى كورد له‌ شارۆچكه‌كه‌ له‌ شاندى حه‌شدى شه‌عبى بووه‌ته‌ جێى ناڕه‌زايه‌تى به‌شێك له‌ هاووڵاتييان و به‌و هۆيه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا سه‌رزه‌نشى شێوازى پێشوازيكردنه‌كه‌ له‌ هادى عامرى كرا.