بارزانی لەبارەی رووداوەكانی خورماتوو پەیامێکی بڵاوکردەوە

"پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگریی لە خەڵكی ناوچەكە بكات"

K24-هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە پەیامێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پێشمەرگە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی لە شارۆچکەی خورماتوو بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگریی لە خەڵكی ناوچەكە بكات و رێگەش لە هەموو دەستدریژییەك بۆ سەر ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و دانیشتوانی خوورماتوو بگرێت.

بارزانی لە پەیامەکەیدا راشیگەیاند: زۆر ئاشكرایە كە هەندێ كەس و لایەن كە پێشتریش سەرچاوەی گرفت و فیتنە بوونە، ئیستا لەژێر ناوی تازە دەستیان لە نانەوەی كێشە و فیتنەگەریدا هەیە و دەیانەوێ شەڕ و دووبەرەكیی لەنێو خەڵكی ناوچەكە و پێكهاتەكان دروست بكەن.

بارزانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێ: بەداخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی ئەو رووداوانە ژمارەیەك هاووڵاتی و پێشمەرگە شەهید و برینداربوون، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی برینداران دەخوازم. داوا لە بەرپرسانی هەرێم و فەرماندەكانی پێشمەرگە دەكەم كە لەگەڵ ئاقڵمەندانی ناو حەشد، ئەوانەی كە دژی فیتنەن بكەونە دیالۆگ و راوێژ بۆ ئەوەی رێگە لەو كەسانە بگرن كە دەیانەوی ئاگری شەڕ و فیتنە هەڵگیرسێنن و ئاسوودەیی خەڵك و پێكهاتەكانی ناوچەكە بشێوێنن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەش دەکات: پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگریی لە خەڵكی ناوچەكە بكات و رێگەش لە هەموو دەستدریژییەك بۆ سەر ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و دانیشتوانی خوورماتوو بگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە شەڕ و پێکدادانی ناوبەناو لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و خۆبەخشانی کورد لەگەڵ چەکدارانی حەشدی شەعبیی لە شارۆچکەی خورماتوو بەردەوامە و تا ئێستا چەند پێشمەرگەیەک بەهۆی شەڕەکانەوە شەهید و برینداربوونە و لەبەرمابەردا چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبیی کوژراون و برینداربوونە.

هەرچەندە پێش دوو رۆژ ئاگربەست لە خورماتوو بە سەرپەرشتیی پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم و سەرپرشتیاری گشتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی هادی عامریی راگەیەندرا، بەڵام تا ئێستا ئاڵۆزیی و ناسەقامگیریی لە خورماتوو بەردەوامە.

ئا: ئا ، ف