فەرماندەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە كۆبوونەوەدان

ھەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە دەدەن

K24 - خورماتوو:

بە مەبەستی وەستاندی شەڕ و چارەسەری كێشەی نێوان ھێزی پیشمەرگە و حەشدی شەعبی ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە و بەرپرسانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو لە كۆبوونەوەدان.

پەیامنێری (كوردستان24) لە خورماتوو رایگەیاند: "لە بارەی شەڕی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە خورماتوو، ژمارەیەك فەرماندەی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی لە كۆبوونەوەدان، بۆ ئەوەی بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت".

گوتیشی: "فەرماندەكانی پێشمەرگە كە لەگەڵ حەشدی شەعبی لە كۆبوونەوەدان بریتین لە مەحموود سەنگاوی، عەبدوڵڵا بۆر، ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركووك، ھەروەھا نوێنەری موقتەدا سەدر و نوێنەری رێكخراوی بەدر و ژمارەیەك سەركردەی دیكە وەك لایەنی حەشدی شەعبی بەشداریان لە كۆبوونەوەكە كردووە".

ژمارەیەك ھاووڵاتی كە بۆ (كوردستان24) دوان رایانوایە پێویستە بارودۆخی خورماتوو یەكلای بكرێتەوە، چونكە ھەموو جارێك رێككەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی دەكرێت و دواتر ھێرش دەكەنەوە سەر كورد.

ئەمە لە كاتێكدا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار كورد و حەشدی شەعبی بۆچارەسەركردنی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان لە خورماتوو كۆبوونەتەوە و رێككەوتن، بەڵام بەگوتەی ھاووڵاتیانی خورماتوو حەشدی شەعبی پابەند نەبووە بە رێككەوتن.