شاندی حەشدی شەعبی ھێشتا بەشداری كۆبوونەوە لەگەڵ كورد نەبوونە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/51588b35-e7a4-42fc-894b-d4aa8ca06860/kerkuk2.ism/manifest

K24 - كەركووك

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، بەھۆی ئامادەنەبوونی شاندی حەشدی شەعبی تا ئێستا كۆبوونەوەكەی نێوان كورد و حەشدی شەعبی ئەنجام نەدراوە.

رەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پامنێری (كوردستان24)ی راگەیاند: "ھێشتا شاندی حەشدی شەعبی نەھاتوونەتە شوێنی كۆبوونەوەكە، بۆیە تا ئێستا كۆبوونەوەی نێوان كورد و حەشدی شەعبی لە بارەی دۆخی خورماتوو ئەنجام ندراوە".

گوتیشی: "ئێستا مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی خورماتوو لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی ناوچەكە لە نزیك خورماتوو لە كۆبوونەوەدان".

پەیامنێرمان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "شاندی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە پێكھاتبوون لە شێخ جەعفەر مستەفا، مەحموود سەنگاوی، ئاسۆ مامەند، دوا ماوەیەك لە چاوەڕوانی شاندی حەشدی شەعبی و ئامادەنەبوونیان، شوێنی دیاركراویان بۆ كۆبوونەوەیان جێھێشت".

بڕیاربوو كاتژمێر 10ی پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ شاندی كورد و حەشدی شەعبی لەبارەی ئاڵۆزییەكانی خورماتوو لە پارێزگای كەركووك كۆببنەوە، بەڵام بەھۆی ئامادەنەبوونی شاندی حەشدی شەعبی لە شوێنی دیاركراو بۆ كۆبوونەوەكە تا ئێستا ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام نەدراوە.