ئەمریكا: با پێشمەرگە و حەشدی شەعبی كۆتایی بە ناكۆكییەكان بێنن

"لە ناوبردنی رێکخراوی داعش ئامانجی سەرەکیان بێت"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، چاودێری رەوشی خورماتوو دەكەن و داواش دەكەن ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بێنن.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن مارك تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "واشنتن بە بەووردی چاودێری رەوشی خورماتوو دەکات، داوا دەكەین پێویستە ھێزی پێشمەرگە و حەشدی سەعبی یەکگرتوو بن و کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بێنن".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دوو ھێزی کاریگەرن لە دژی داعش شەڕ دەكەن، بۆیە پێویستە بە یەکگرتوویی بمێننەوە".

بۆ یەكەمجارە ئەمریکا باسی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایەی شارۆچکەی خورماتوو دەکات مارك تۆنەر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەوان بەو ئاڵۆزییە نیگەرانن و داوا لە ھەموو لایەك دەکەین، لە ناوبردنی رێکخراوی داعش ئامانجی سەرەکیان بێت".

ئەمە لە كاتێكدایە لە شەوی 23ی ئەم مانگە جارێكی دیكە شەڕ لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو روویدا، بڕیاربوو دوێنێ 26ی نیسانی 2016، شاندی كورد و حەشدی شەعبی لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی خورماتوو لە پارێزگای كەركووك كۆببنەوە، بەڵام بەھۆی ئامادەنەبوونی شاندی حەشدی شەعبی كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرا.