ھادی عامری گەیشتە خورماتوو

لەگەڵ كورد كۆدەبنەوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/70e5f742-50b2-4c1f-8c8a-a917ddde8f45/soran%20kamran%20sabarat%20ba%20kobunawa%20dagal%20hashdi%20shabi.ism/manifest

K24 - خورماتوو

كەمێك پێش ئێستا ھادی عامر، بەرپرسی یەكەمی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگاری كەركووك و فەرماندە سەربازییەكانی پێشمەرگە گەیشتە شارۆچكەی خورماتوو.

پەیامنێری (كوردستان24) لە خورماتوو رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا ھادی عامری بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك و فەرماندەكانی پێشمەرگە لە ناوچە گەیشتە شاری خورماتوو".

پەیامنێرمان گوتیشی: "بڕیارە كۆبوونەوەی كورد و حەشدی شەعبی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئاڵۆزییەكانی خورماتوو لە بنکەیەکی سەربازی پێشمەرگە لە دەرەوەی خورماتوو بەڕێوەبچێت".

پەیامنێری (كوردستان24) ئاشكرای كرد: "نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، وەك سەرۆكی شاندی كورد  و فەرماندەكانی پێشمەرگە كە بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن بریتین لە عەندنان حەمەی مینا، ئاسۆ مامەند، عەبدوڵڵا بۆر، عەمید بەختیار، شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو".

ھەروەھا شاندی حەشدی شەئبی لە لایەن ھادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر، سەرۆكایەتی دەكرێت و پێكھاتوون لە شاندی محەممەد مەھدی بەیاتی، بەرپرسی میحوەری باكووری رێكخراوی بەدر، ئەبو ریزا نەجار، بەرپرسی میحوەری باكووری حەشدی شەعبی و نوێنەری سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق".

بڕیاربوو دوێنێ کۆبوونەوەی كورد و حەشدی شەعبی لە كەركووك ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی شاندی حەشدی شەعبی کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.

شەوی 23ی ئەم مانگە شەڕ لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی خورماتوو روویدا، رۆژی دواتر ھادی عامر، سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی سەردانی خورماتووی كرد و لەگەڵ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە كۆبوونەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاگربەستیان لە شەڕی نێوان كورد و حەشدی شەعبی لە خورماتوو راگەیاند، بەڵام بە گوتەی ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە و خەڵكی خورماتوو چەكدارانی حەشدی شەعبی پابەندی ئاگربەستەكە نەبوونە.