شۆڕش حاجی: كاك نەوشیروان بە تەنیا دۆخی چەقبەستووی كوردستانی پێ چاك ناكرێت

"تەندروستیی باشە بۆیە گەراوەتەوە"

K24-ھەولێر

دوای شەش مانگ مانەوەی لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان بە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیی گەڕایەوە ھەرێمی كوردستان و لە لایەن ژمارەیەك لە ھەڵسوڕاوانی گۆڕان پێشوازیی لێكرا، هاوکات گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ دۆخی چەقبەستووی ھەرێمی كوردستان بە تەنیا بە نەوشیروان مستەفا چاك ناكرێت.

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) لە بارەی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "تەندروستیی كاك نەوشیروان باشە بۆیە گەڕاوەتەوە".

سەبارەت بە كاریگەریی رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە دۆخی چەقبەستووی ھەرێمی كوردستان شۆڕش حاجی گوتی: "ئەو دۆخە چەقبەستووە بە كەسێك و دووان خراپ نەكراوە و و بە كەسێك و دووانیش چاك ناكرێتەوە، لە ھەرێمی كوردستان كێشەی سیستمی سیاسیی و حوكمڕانیمان ھەیە، كاك نەوشیروان دار عەسای بە دەستەوە نییە و ئەو بارودۆخە بە تەنیا بە كاك نەوشیروان چاك ناكرێت".

لە كاتی مانەوەی نەوشیروان مستەفا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چەندین جار باسی گەڕانەوە و نەخۆشییەكەی دەكرا، لە ھەندێك دەزگاکانی میدیا وابڵاوكرایەوە كە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، بەڵام ئەوە لە لایەن كەسە نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕانەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

لە 22/9/2015 نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیی چووە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە سەرەتادا بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كرد و دواتر چووە وڵاتی بریتانیا و لە لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتە نیشتەجێبوو، ئەمڕۆ 28ی نیسانی 2016 گەیشتەوە ھەرێمی كوردستان.