پەرلەمانی عێراق شنگال وەك ناوچەیەكی وێرانكراو دەناسێنێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d7e4eebe-234c-4cb7-b006-945687474364/viyan%20dexil.ism/manifest

K24 – ھەولێر

لە دانیشتنی ئەمرۆدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاردرا شارۆچكەی شنگالی وەك ناوچەیەكی وێرانكراو بناسێنرێت.

نەدا مێرگەسۆری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی وەك فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنەكانی كوردییەكانی دیكە و ژمارەیەكی دیكە لە پەرلەمانتارانی عێراق واژوومان كۆكردەوە و دامان بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی شنگال وەك ناوچەیەكی وێرانكراو بناسێنرێت، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراقێرا بڕیاریدا شنگال وەك ناوچەیەكی وێرانكراو كراو بناسێنرێت".

لە بارەی گرنگی بڕیارەكە نەدا مێرگەسۆری گوتیشی: "ئەو بڕیارە گرنگی زۆری دەبێت لە ئاوەدانكردنەوە و شنگال، كە لە ئەنجامی شەڕی داعش ئەو شارۆچكەیە وێران بووە".

ھەر لەسەر ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری عێراق بە (كوردستان24)ی گوت: "ئەمڕۆ رۆژێكی گرنگە كە توانیمان شنگال وەك قەزایەكی وێرانكراو بناسێنین، ئەمەش دوای ئەوەی كە چەندین بەڵگە و دۆكۆمێنتمان لەسەر شنگال خستەڕوو، ئاشكرابوو لە 80% شنگال وێرانكراوە و 100% پەرستگا و شوێنە ئاینییەكانی شنگال خراپكراون جگە لە كوشتن و بردنی خەڵكی شارۆچكەكە".

 ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "دوای ئەو بڕیارە ئەركی حكوومەتی عێراقە شنگال جارێكی دیكە ئاوەدان بكاتەوە، پێشتر ئەو پارەی بە ناوی ئاوەدانكردنەوەی بۆ عێراق دەھات بەشی شنگالی تێدا نەبوو، چونكە ھیچ بڕیارێك نەبوو كە ئەو ناوچەیە وێرانكراوە".