هەناردەی ئێران بۆ ھەرێمی كوردستان زیادیکردووە

بە رێژەی ھەناردەی كاڵا 5% زیادیكردووە

K24 - ھەولێر:

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەناردەی کاڵا لە دەروازەی سنووری پەروێزخان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە.

خەلیل حەیدەری، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان بە ئاژانسی مێھری راگەیاندووە: " ھەناردەی ئێران لە دەروازەی سنووری پەروێزخان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیكردووە،ھەناردەی ئەم مانگەی 120 ھەزار و 607 تەن بووە، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی ھەناردەی كاڵا 5% زیادیكردووە و لە رووی بەھاشەوە 11% زیادی کردووە".

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای کرماشان راشیگەیاندووە: "لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 290هەزار و 909 تەن کاڵا لە خاڵە سنوورییەکانی خوسرەوی، پەروێزخان، پاوە و بازاڕچەکانی پەروێزخان و شوشمێ هەناردە کراوە، لە مانگی یەکەمی ئەمساڵەوە خاڵی سنووری پەروێزخان لە بواری هەناردە لە نێو خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشاندا یەکەم بووە".

رونیشیكردوەتەوە: "ئەو کاڵایانەی لەم خاڵەوە هەناردەکراون، بریتین لە تەماتە، سێو، پەتاتە، چیمەنتۆ، پیاز و کەلوپەلی نێوماڵ و پاکەوەکەرەکان".

ئێران یەكێكە لە وڵاتە دراوسێكانی ھەرێمی كوردستان و پەیوەندی بەھێزی ئابووریی لە نێوان ھەردوولادا ھەیە و بەشی زۆری ئەو خۆراك لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستاندا ھەن لە ئێرانەوە ھەناردە دەكرێن.