بارزانى و بايدن بيروڕایان ده‌رباره‌ی قۆناغی دوای تێكشكاندنی داعش ئاڵوگۆڕكرد

بارزانی سوپاسی پاڵپشتیی سه‌ربازیی و دارایی ئه‌مه‌ریكای كرد بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌

K24 – هه‌ولێر

لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد و به‌ گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دوو قۆڵیان ئه‌نجامدا و بيروڕایان له‌ باره‌ی قۆناغی دوای تێكشكاندنی داعش ئاڵوگۆڕكرد.     

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گوتی: لەو كۆبوونەوەیەدا كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ به‌ڕێوه‌چوو، بارزانی بەناوی گەلی كوردستان "سوپاسی سەرۆك و گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە لە ڕووخاندنی دیكتاتۆرییەت و هەروەها شەڕی تیرۆریستان پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە".

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "بارزانى سوپاسی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی ئەمەریكاشى كرد بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە كاریگەریی هەبووە لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".

به‌ گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە "دوا پێشهات و گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا كرا".

هه‌روه‌ها ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌شی راگه‌یاند له‌ كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و بایدن: "چۆنییەتی هەماهەنگی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی داعش و پلانی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ".

له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ش هاتووه‌ بارزانی و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا "بیروڕایان لەبارەی قۆناغی دوای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و پێویستییەكانی ئەو قۆناغە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرد".