ئۆباما پێشبینیی ده‌كات پێش كۆتایی ئه‌مساڵ وڵاته‌كه‌ی پێشوازیی له 10 هه‌زار په‌نابه‌ری سووریی بكات
K24 – هه‌ولێر
باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوێنێ رایگه‌یاند: پێشبینیی ده‌كات پێش كۆتایی ئه‌مساڵ وڵاته‌كه‌ی به‌ڵێنی پێشوازیكردن له 10 هه‌زار په‌نابه‌ری سووریی جێبه‌جێ بكات و به‌رامبه‌ر به‌و به‌ڵێنه به ئه‌مه‌ك بێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای دواكه‌وتنه‌كان و دژایه‌تیكردنی ره‌خنه‌گران كه هه‌ست به ئه‌گه‌ری لێكه‌وته‌ی ئه‌منیی ده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ پێشوازیكردنی ئه‌وروپا بۆ ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌وانه‌ی له جه‌نگی سووریا راده‌كه‌ن له پاییزی رابردوودا، ئۆباما به‌ڵێنیدا له 2016 وڵاته‌كه‌ی پێشوازیی له 10 هه‌زار په‌نابه‌ر بكات.
به‌ڵام وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له 31 ئازاری رابردوودا كه ده‌یكرده ناوه‌ڕاستی ساڵی دارایی، گوتی: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پێشوازیی ته‌نها له 1285 په‌نابه‌ر كردووه.
له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێك سه‌باره‌ت به هه‌له‌كانی هێنانه‌دی ئامانجه‌كه، ئۆباما گوتی: "له فشاركردن به‌رده‌وام ده‌بین".
به‌ڵێنه‌كه‌ی ئۆباما به وه‌رگرتنی 10 هه‌زار په‌نابه‌ر له‌لایه‌ن كۆمارییه‌كانه‌وه دووچاری ره‌خنه‌گرتن بوویه‌وه.
حاكمى زياتر له 30 ویلایه‌تی ئه‌مریكا هه‌وڵیاندا رێگابگرن له هاتنه ناوه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ ناو ویلایه‌ته‌كانیان به‌ڵام دادگاكان و پارێزه‌ران گوتیان: ئه‌و كاره به ده‌ست حكوومه‌تی فیدڕاڵییه له پشكنینی په‌نابه‌ران و نیشته‌جێكردنیان.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا گوتی: ئیداره‌كه‌ی ئاره‌زووده‌كات هاووڵاتیان دڵنیابكاته‌وه كه‌وا په‌نابه‌ران ده‌چنة ژێربارى رێوشوێنه‌كانی پشكنین و وردبینی گونجاو به‌ڵام روونیشیكرده‌وه: له‌وانه‌یه كۆنگرێس ته‌گه‌ره‌كان بخاته به‌رده‌م پڕۆسه‌كه.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له كۆشكی سپی ئۆباما گوتی: "ئامانجمان به‌رده‌وامبوونی كۆششه بۆ روونكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه بۆ كۆنگرێس و گه‌لی ئه‌مریكا كه ئه‌وه شتێكی دروسته و پێشبینیی ده‌كه‌م ئێمه ده‌توانین پێش كۆتایی ساڵ به‌م ژمارانه بگه‌ین".