ئێران ره‌خنه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌گرێت

نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی ده‌داته‌ بان كی موون

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەكدا بۆ سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، بڕیاری دادگای ئەمریكا لەسەر ئێران، ھەڕەشەیەكە دژ بە مافە نێودەوڵەتییەكان.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەكدا بۆ بان كی موون سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان, رەخنە لە بڕیاری دادگای ئەمریكا گرتووه‌ له‌ سه‌ر بلۆككردنی پارەكانی ئێران و دەڵێت: "بڕیارەكه‌یان ھەڕەشەیەكە دژ بە مافە نێودەوڵەتییەكان".

زەریف دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی یاسادانی ئەمریكا بە پێشێلكردنی بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەكان تۆمەتبار دەكات.

دادگای باڵای ئەمریكا رۆژی چوارشەممە، بڵاویكرده‌وه‌، لەسەر سكاڵای قوربانیانی تەقینەوەكانی ساڵی 1983 لەناوەندی سەربازی ئەمریكا لە بەیروت سزای 2 ملیار دۆلاری بەسەر ئێراندا سەپاند. بەرپرسانی ئێرانیش كاردانەوەی توندیان به‌رامبه‌ر به‌بڕیارەكه‌ی ئەمریكا ھەبووە.