پێشمەرگە لە میحوەرێكی دیكە شكستی بە داعش ھێنا
K24 - خازر
ئەمڕۆ داعش لە چەند میحوەرێك ھێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و شكست بە ھێرشەكانیان ھێنرا، لە چیای وەردكی میحوەری خازریش داعش لە رێگەی چەند خۆكوژێكەوە ھێرشی كردوەتە سەر پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە بە پێشتر بە ھێرشەكەی زانیوە و نەیان ھێشتووە داعش ئامانجەكانی بپێكێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری (كوردستان24) لە میحوەری خازر: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ داعش لە چەند قۆڵێكەوە ھێرشی كردوەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە توانیویانە شكست بە ھێرشەكانی داعش بێنن".
گوتیشی: "لە چیای وەردك داعش لە رێگەی چەند خۆكوژێكی بیانی ھێرشیان كردوەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بە گوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە، ئەوان پێشتر زانیاریان ھەبووە كە داعش ھێرش دەكات".
پەیامنێرمان ئەوەشی خستەڕوو: "چەكدارانی داعش بە نزیكەی 100 مەتر خۆیان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیككردبووەوە، ماوەی سێ كاتژمێر شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و چەكدارانی داعش بەردەوام بووە، پێشمەرگە توانیویانە بەر لە گەیشتنیان بۆ سەنگەرەكان چوار خۆكوژ بتەقێنەوە".
باسی لەوەشكرد: "دەگوترێت داعش لەو سنوورە چەكی كیمیایی بەكارھێناوە، بەھۆی شەڕ ئاگر بەربووەتە پوشوپاوانی ناوچەكە و بەشێكی زۆری سوتاوە".
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ داعش لە سنووری باشیكیش ھێرشی كردوەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و بە گوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە شكستیان بە سەرجەم ھێرشەكانی ئەمڕۆی داعش ھێناوە، لە لایەكی دیكە ھەر ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیری لە باشووری كەركووك دەستپێكردووە و لە پێشڕەویدان.