دەیڤد فلیپس: ئەو ریفراندۆمەی بارزانی پێشنیازیكردووە كۆتاییەكەی گەیشتنە بە سەربەخۆیی

"حكوومەتی عێراق ھیچ مافێكی كوردی لە ناو دەستووردا جێبەجێ نەكردووە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2deb31aa-d515-48f5-9829-b7ca62887040/David%20Phlips%20Rifrandom.ism/manifest

 K24- ھەولێر

دەیڤد فلیپس، سەرۆكی بەشی مافی مرۆڤ لە زانكۆی كۆڵۆمبیا لە نیویۆرك رایگەیاند، ئەو ریفراندۆمەی بارزانی، پێشنیازیكردووە دەستپێكردنی ئەو پڕۆسەیە كە كۆتاییەكەی گەیشتنە بە سەربەخۆیی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، عێراق بەرەو پارچە بوون دەچێت.

لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلانی (هەدەپە) لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دەیڤد فلیپس، سەرۆكی بەشی مافی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا لە نیویۆرك رایگەیاند: "ئەو ریفراندۆمەی بارزانی، پێشنیازیكردووە دەستپێكردنی ئەو پڕۆسەیە كە كۆتاییەكەی گەیشتنە بە سەربەخۆیی، من ئەو پێشنیارەم كرد كە حكوومەتی ھەرێم ماوەی ساڵێك دیار بكات بۆ ئەم پڕۆسەیە، لەم ماوەیەدا كاربكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی لەگەڵ بەغدا ھەیانە، ھەروەھا دانوستان گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بكەن، لەسەر باسكردنی ریفراندۆم و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی".

گوتیشی: "كوردانی عێراق خەونەكەیان كە سەربەخۆیی كوردستانە، لە دەستووری 2005ی عێراقدا بنەمای داڕشتنەوەی ئەو دەستوورە ئەوەبوو كە كورد مافی خۆنووسینی ھەبێت، ئەمەش بۆ ئەو مەبەستەی كورد ھەست بكات بەشێكە لە عێراق، بەڵام بەداخەوە سیاسەتمەدارە گەندەڵ و لاوازەكانی عێراق وڵاتەكەیان گەیاندە دەوڵەتێكی فاشل".

دەیڤد فلیپس، باسی لەوەشكرد: "با ئێمە خۆمان لەوە نەدزینەوە عێراق نزیك بووەتەوە لە پارچە بوون، ئەوەش زۆر گرنگە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ واقیعدا مامەڵە بكات، خۆیان لەو فەنازیایە بە دوور بگرن كە عێراق بەرەو دیموكراسی بوون دەچێت، لە راستیدا حكوومەتی عێراق ھیچ پابەندنەبووە یان ھیچ مافێكی كوردی لە ناو دەستووردا جێبەجێ نەكردووە، ئەمە كێشەی سەرەكییە مالیكی، حەیدەر عەبادی ھەموویان وەك یەكن، چەندین جار سەرۆك بارزانی، ئەوەی دووپاتكردوەتەوە كە ئاواتی كوردە سەربەخۆ بێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "سەرۆك بارزانی، باسی لەوە كردووە پێش ھەڵبژاردنی ئەمریكا ریفراندۆم دەكرێت، ئەو بڕوای وایە كە لە رێگەی ریفراندۆم، دەكرێت پشتگیری نێودەوڵەتی بە دەست بێنن، بۆ گەیشتن بە خەونە گەورەكەیان، بەڵام گەر ریفراندۆم بكرێت پێویستە خەڵكی ناوچە كێشە لەسەرەكان وەك كەركووك، نەینەوا، دیالە، بەشداری بن و دەنگ بدەن لەسەر ئەم ریفراندۆمە".

دەیڤد فلیپس، سەرۆكی بەشی مافی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا لە نیویۆرك، 25 ساڵ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كاری كردووەو نووسەری كتێبی (بەھاری كوردی: نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست) كە باس لە داھاتووی كورد دەكات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.