مارتن سچولز: توركیا لە شەڕی سەربازی بەرامبەر كورد سەرناكەوێت

"لە بواری دیموكراسی خراپە و تا دێت خراپتریش دەبێت"

K24 - ھەولێر

 سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا رەخنەی لە سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە كورد گرت و رایگەیاند، توركیا لە شەڕی سەربازیدا ناتوانێت بەسەر كورددا سەربكەوێت.

بە گوێرەی ھەواڵی رۆژنامەی دی وێڵت ی ئەڵمانی، مارتن سچولز سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاندووە: "دۆخی توركیا لە بواری دیموكراسی خراپە و تا دێت خراپتریش دەبێت".

 لە بارەی ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستانیش مارتن، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە:  "توركیا لەو شەڕە سەربازییەدا بەرامبەر كورد سەر ناكەوێت و پێویستە كێشەكان بە دانووستان چارەسەر بكرێن".

دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا لە 1/11/2015، توركیا ئاڵۆزیی زیاتری بەخۆیەوە بینی و شەڕ لە ناوچە سنوورییەكان لە نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە دەستیپێكردەوە، ئەمەش وایكرد باردۆخی دەستكردنەوە بە گفتوگۆكانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا زێتر لە بار بچێت، لەوكاتەوە شەڕ و ئاڵۆزیی لە شارەكانی باكووری كوردستان و تەقینەوە لە ناو شارەكانی توركیا بەردەوامیان ھەیە.