ئۆباما: كۆتایی كۆمارییه‌كان نزیكبووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مریكا توانج له دۆناڵد ترا‌مپ كاندیدی پێشه‌نگی كۆمارییه‌كان ده‌دات و ده‌ڵێت: "پێموابێت كۆتایی كۆمارییه‌كان نزیكبووه‌ته‌وه".
له میانی رێوڕه‌سمی رێزلێنان له رۆژنامه‌نووس و په‌یامنێرانی كۆشكی سپی، ئۆباما له‌لایه‌نی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، ره‌خنه‌ی له ئه‌زموونی ترا‌مپ گرت و وتی: "ده‌ڵێن دۆناڵد ترا‌مپ لە سیاسەتی دەرەوەدا بێتوانایه، بەڵام ئەوە زوڵمە لێی دەکرێت، لەبەرئەوەی بۆ چەندین ساڵ، ترا‌مپ لەگەڵ سه‌ركرده‌ی وڵاتان کاری کردووە، له نێویاندا شاجوانانی ئازەربایجان و سوێد و ئەرژەنتین".
ئەم قسەیه‌ی ئۆباما وەک توانجێك به‌رامبه‌ر به ترەمپ لێكدانه‌وه‌ی بۆكرا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چەندین ساڵێك، کۆمپانیاکانی دۆناڵد ترەمپ سپۆنسەری سەرەکی پێشبڕکێکی دەستنیشانکردنی شاجوانی جیھان بوون له وڵاتاندا.
ئۆباما گوتیشی: "كۆمارییەكان لە قەیراندان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نازانن کێ کاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی داھاتووی وڵات".