نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری قوربانیانی مانگی رابردووی عێراق بڵاودەکاتەوە

"قوربانیانی توندوتیژیی و شەڕ و تیرۆر" لە عێراق بە هەزارانن

K24-هەولێر

تیمی نێردراوی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یۆنامی) رایگەیاند ژمارەی قوربانیانی توندوتیژیی و شەڕ و کارە تیرۆریستییەکان و ململانێی چەکداریی لە عێراق لە مانگی رابردوو گەیشتە زیاتر لە 2000 کوژراو و بریندار.

تیمی نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "ژمارەی قوربانیانی شەڕ و کردەوە تیرۆیستییەکان و توندوتیژیی و ململانێی چەکداریی لە عێراق لە مانگی نیسانی رابردوو گەیشتە 741 کوژراو و هەزار و 374 بریندار".

تیمی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "410" لە کوژراوانی مانگی رابردوو لە عێراق خەڵکی سڤیل بوونە و ژمارەی بریندارانی سڤیلیش لە تێکرای بریندارەکانی مانگی رابردوو لە عێراق گەیشتە 973 بریندار.

تیمی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێ بە بەراورد لەگەڵ مانگی سێ ساڵی 2016 ژمارەی قوربانیانی توندوتیژیی لە مانگی نیسانی رابردوو عێراق کەمیکردووە، چونکە لە مانگی سێی ئەم ساڵ ژمارەی کوژراوان لە عێراق گەیشتە هەزار و 119 کوژراو و ژمارەی بریندارانیش گەیشتە هەزار و 561 بریندار.

ئەمە لە کاتێکدایە روبەرێکی فراوانی خاکی عێراق بەتایبەت لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار هێشتا لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە.

ئا: ئا ، ف