شاخەوانانی توركیا پەیامی ئاشتی رادەگەیەنن
K24- ھەولێر
بە سەرپەرشتی نوێنەری فیدڕاسیۆنی شاخەوانانی جۆلەمێرگ گروپێك لە شاخەوانانی توركیا گەشتێكیان بۆ ناو گوڵ شلێرەكانی نزیك گوندی ئوزمجوی جۆلەمێرگی باكووری كوردستان رێكخست و لەوێوە پەیامێكی ئاشتیان راگەیاند و داوای وەستاندنی شەڕ لە توركیا و باكووری كوردستان دەكەن.
ناجی ئەرتونج، نوێنەری شاخەوانەكانی جۆلەمێرگ لەبارەی ئامانجی گەشتەكەیان دەڵێ: "ھەكاری لەڕووی شاخەوانیەوە زۆر دەوڵەمەندە، ناوەكەشی شارۆچكەی چیاكان بووە، ئەمڕۆ لەگەڵ برادەران ھاتوینەتە نێو گوڵ شلێرەكان، بەھۆی شەڕ و پێكدادانەكان ئێستا ئێرە دەڤەرێكی قەدەغەكراوە، ئێمەش لەو گەشەتەماندا ئارمانجمان ئەوەیە كۆتایی بەو شەڕانە بێ و لەڕێگەی ئەو چالاكیانەشمان دەڤەرەكەمان بە گشت جیھان بناسێنرێ و سەرنجی گشت شاخەوانێكیش رابكێشین بێنە ئێرە".
گروپە شاخەوانەكە لەنێو مێرگی گوڵ شلێرەكان چەند وێنەیەكیان بۆ یادگاری كێشا و كەرەم ئۆنای، شاخەوانی دەڤەرەكەش گوڵ شێلر بە گوڵێكی تایبەتی دەڤەرەكەی دەزانێ و ئەوەی خستەڕوو: "گوڵ شلێر گوڵێكی تایبەتی ھەكاریە، بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا سەرەتا لە دێرسم، ئەلازغ و ئادیەمان، پاشان لەشوێنی دیكەش كەسانێك ھاتن و پیازەكانی ئەو شلێرانەیان برد و لە دەڤەرەكانی خۆیان چاند و ئێستاش وەك بڵێی لەدەڤەرەكانی ئەوانیش ھەبێ وای نیشان دەدەن، بەڵام با كەس ھەوڵێكی لەو جۆرە نەدا، چونكە ئەو گوڵە سەر بەرەو ژێرە لەلای گشت جیھان ناسراوە كە ھی ھەكاریە".
تارق بنیامین قایە، یەكێكە لەو شاخەوانانەنەی لە شاری ئەنقەرەی توركیا ھاتووەتە جۆلەمێرگ ئەو گرنگی بە ناساندنی چیاكانی دەڤەرەكە لەسەری بەرژەوەندی شەڕ و شەڕ خوازان دەبینێ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "نزیكەی دوو ساڵە لەگەڵ كاك ناجی بەنێو شاخەكانی ھەكاریدا دەگەڕین، مەبەستیشمان ئەو جوانیە سروشیە و لەتە بەھەشتەی سەر ڕووی زەوی بە شاخەوانەكانی ناوەوە و دەرەوەی توركیادا بناسێنین، جوانی ئێرە بەنسیبی ھەر كەسێك بێ، بەڵام بەداخەوە ئەو قۆناغە نەخوازراوە دەستمانی بەستووە، بەڵام دیسانیش ئێمە ھاتووینەتە نێو شلێرەكان و، بەھیوای كۆتایی پێھێنانی ئەو رۆژگارە ناخۆشە و ھەر ھەمووشمان بەیەكەوە خۆشیە بەھەشت ئاساكە ببینین و بژین".
ئەو شاخەوانەوانانە لە ناو گوڵ شلێرەكانی جۆلەمێرگ دەبنە سەمبۆلی ئاشتی و پەیامێكیان راگەیاند و دەڵێن: "ئەو دەستانەی جیھانیان پاراستووە، كورد، تورك، چەركەس، عەلەوی، ئەرمەنی و سونی بۆ مافی گشت براكان داوای ئاشتی دەكەین، داوادەكەین بەزوترین كات ئاشتی بەرقەرار بێ و ئەو شاخانەش ئازادی خۆیان بەدەست بێنەوە و، ھەركەس بتوانێ بەڕائەتی بە نێو ئەو شاخا جوانانەدا بگەڕێ و، دەمانەوێ ئەو چالاكیەش وەك پەیامێك بەگشت بەرپرسان ڕابگەیەنین".
ئەمە لە كاتێكدایە شەڕ و ئاڵۆزیی لە ناو شارەكانی توركیا و باكووری كوردستان تا دێت زیاتر پەرە دەستێنێ و ژمارەی قوربانیان بەرەو ھەڵكشان دەچێت.