وێنەیەکی سێلفی کوشتی

رووداوێکی دڵتەزێنە

K24-هەولێر

لەپێناو گرتنی وێنەیەکی سلێفی راماندیب سینگ کە هەرزەکارێکی هیندستانییە دەماچەکەی باوکی بە دەستێکی ئاراستەی سەری خۆی کرد و بە دەستەکەی دیکەی مۆبایلی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی وێنەیەکی خۆی بگرێت، بەڵام لە بڕی داگرتنی دووگمەی مۆبایلەکەی سەری لێشێواو دەستی نایە دەماچەکە و گوللـەیەکی نایە سەری خۆیەوە.

راماندیب کە تەمەنی 15 ساڵ بوو دوای برینداربوونی بەو گوللـەیە گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستدا.

بەپێی سایتی سکای نیوز پۆلیسی شاری باتانکۆتی ویلایەی بنجابی هیندستان، باوکی راماندیب سینگ و خێزانەکەی گوتوویانە: "کوڕەکەیان دەیویست وێنەیەکی سێلفی بۆ خۆی بگرێت و دەماچەکەش تێیدا دەربکەوێت".

ئەفسەری پۆلیسی شاری باتانکۆتی ویلایەی بنجاب مانۆج کۆمار دەشڵێ: "بەشیکی بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی باوکی هەرزەکارەکە کە دەماچە پڕ گوللـەکەی جێهێشتبوو لە بڕی ئەوەی لە شوێنێکی پارێزراو دایبنێ".

ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی یەکی ساڵی 2016 پۆلیس هەڵمەتێکی لە شاری بۆمبای لە هیندستان دەستپێکرد بۆ رێگەگرتن لە گرتنی وێنەی سێلفی لە شوێنە ترسناکەکان دوای ئەوەی کەسێک لە هەوڵی رزگارکردنی کچێک کە بە گرتنی وێنەی سێلفییەوە سەرقاڵ بوو، لەو شارە خنکا.

ئا: ئا ، ف