فەرماندەكانی پێشمەرگە وردەكاری شكستەكانی ئەمڕۆی داعش دەخەنەڕوو

"لە ماوەی ھەفتەیەكدا چوارجار ھێرشیان كردووە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9eb11f49-31ed-40a5-bc54-286d4775a626/hershi%20daiesh%20xazar.ism/manifest

K24 – وەردك

ژمارەیەك لە فەرماندەكانی ھێزی پێشمەرگە لە چیای وەردك، وردەكاری ھێرشەكانی داعش و شكستەكانیان لەو سنوورە دەخەنەڕوو، فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە ماوەی ھەفتەیەكدا داعش چوارجار ھێرشی كردوەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە، بەڵام پێشمەرگە وەك ھەمیشە شكستی بە ھێرشەكانیان ھێناوە.

حەمە ریشە فەرماندەی فەوجی چواری لیوای 1ی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ میحوەری خازر(كوردستان24)ی راگەیاند: "ھێرشەكانی داعش بۆ سەرسەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆ تۆڵەكردنەوەی شكستەكانی رۆژی شەمەی رابردوو بوو كە لەم سنوورە پێیانگەیشت، بەڵام نەیانتوانی ئامانجەكانیان بپێكن و پێشمەرگە بە توندی وەڵامی دانەوە، لە ماوەی ھەفتەیەكدا چوارەم ھێرشە بكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە".

فەرماندەی لیوای 1ی ھێزی پێشمەرگە بە (كوردستان24)ی گوت: "تیرۆرستان ھەركاتێك بۆیان بڕەخسێت لە ھەركاتێك دەیانەوێت شكست بە ھەرێمی كوردستان بگەیەنن، لە لایەكی دیكە ئەم ناوچەیە ناوچەیەكی ستراتیجییە و نەوتی لێیە بۆیە داعش ئەوە چەندین جارە ھێرش بكەنە سەر ئەو ناوچەیە".

گوتیشی: "ھێرشەكەی داعش ئەمڕۆ سەرەتا لە رێگەی چەند خۆكوژێكەوە بوو، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان لێیان ھاتنە دەست و رێگەیان پێنەدان پێشڕەوی بكەن".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە چەند میحوەرێك ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بە گوتەی فەرمەندەكانی پێشمەرگە لەسەرجەم میحوەرەكان شكستیان بە داعش ھێناوە و پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە.