ھەپەگە ئاماری چوار مانگی شەڕ بڵاو دەكاتەوە

" 390 پۆلیس و سەربازی توركیا كوژراون"

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) باڵی سەربازی پەكەكە ئاماری چوار مانگی شەڕی نێوان گەریلاكانیان و سوپای توركیا بڵاودەكاتەوە، بە گوێرەی ئاماری ھەپەگە لە شەڕەكانی ماوەی چوار مانگی رابردوودا 390 پۆلیس و سەربازی توركیا كوژراون و 80 گەریلاش گیانیان لە دەستداوە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) رایگەیاند: "لە ماوەی شەڕی چوار مانگدا سوپای توركیا 43 ئۆپەراسیۆنی زەمینی و 183 ھێرشی ئاسمانی كردوەتە سەر گەریلاكان و 157 فڕۆكەی شەڕكەر و 26 ھەلیكۆپتەری كۆبرا لە وھێرشە ئاسمانیانە بەكار ھێنراون، ھەروەھا 310 ھێرشی تانك و تۆپ و ھاوەنیش كراوەتە سەر ھێزەكانی ھەپەگە".

لە بەشێكی دیكەی ئامارەكەی ھەپەگەدا ھاتووە: "لەو ماوەیەدا توركیا 215 پشكنینی ئاسمانی سەنگەرەكانی بنكە و بارەگاكانی ھەپەگەی كردووە و 18جاریش شەڕ لە نێوان ھەپەگە و سوپای توركیا روویداوە".

ھەپەگە ئاشكرای كردووە: "لە ماوەی چوار مانگدا ھێزەكانمان 139 چالاكی سەربازیان دژ بە سوپا و حكوومەتی توركیا ئەنجامداون، 20 ئۆتۆمبێلی سەربازی تێكشكێندراوە و 7 گورز لە ھەلیكۆپتەرەكانی سوپا وەشێنراوە".

ئاماری ھێزەكانی پاراستنی گەل ئاشكرای كردووە: "لە شەڕی نێوان گەریلا و سوپای توركیا 390 سەرباز و پۆلیس كوژراون و 198ی دیكەش برینداربوونە، ھەروەھا 80 گەریلا گیانیان لە دەستداوە و 4 گەریلاش بە دیل گیراون".