ئێران و کۆریای باشوور پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d1d34ff9-087f-4941-be5a-1e6bd03ff549/iran%20u%20S.Korya.ism/manifest

K24-هەولێر

لە دووەم رۆژی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور بۆ ئێران، نۆزدە رێککەوتننامە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا واژۆ کران و سەرۆک کۆماری هەردوو وڵاتیش جەختیان کردەوە کە كۆریای باكوور دەبێ کۆتایی بە پڕۆژەی دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ بهێنێ.

سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ ئێران، لە لایەن سەرۆکی ئێران حەسەن رووحانیی پێشوازیی لێکرا. لە پاش دەستپێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و سیئۆل لە ساڵی 1962وە ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری کۆریای باشوورە بۆ ئێران.

لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور، سەرۆکی ئێران نارەزایەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بەرنامەی پێشخستنی مووشەک لە لایەن کۆریای باکوورەوە راگەیاند.

سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن رووحانی گوتی: "ئێمە دژی دروستکردنی هەر جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژین و ویستی ئێمە پاکبوونی جیهانە لە چەکە کۆمەڵکوژەکان بەتایبەت پاکبوونی نیمچە دوورگەی کۆریا لەم جۆرە چەکە کاولکەرانە و پاکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەکی کۆمەڵکوژ بەتایبەت چەکی ئەتۆمیی".

سەرۆک کۆماری کۆریای باشووریش ئاشکرای کرد کە بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمیی لە کۆریای باکوور داوای یارمەتیی لە ئێران کرد.

پارک گیۆن هی سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور گوتی: "بۆچوونەکانی حکوومەتی کۆریا لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و داماڵینی چەکی ئەتۆمیی لە کۆریای باکوور هاتنە بەر باس و جەخت لەسەر بەڕێوەبەردنی بڕیارنامەی ژمارە 2207 کرایەوە کە بەم دواییانە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە پەسندکرا لەم بارەشەوە داوای هاوکاریمان لە ئێران کرد".

لە پاش کۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتی هەردوو سەرۆک کۆمار، 19 رێککەوتننامەی ئابووریی و بازرگانیی و کولتووریی لەنێوان هەردوو وڵات واژۆکرا و راگەیاندرا تاران و سیئۆل دەیانەوێ ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان سێ ئەوەندەی ئیستا زیاد بکەن و لانی کەم بگەیننە ئاستی 18 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.

ئا: كامیل عەبدولئەحەد. داڕشتنەوە: ئا ، ف