ھێزێکی پۆلیس لە خورماتوو پێكدەھێنرێت

"ئەو كێشەیە لەسەر شارەكەمان نەمێنێ"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e25b6b51-68cb-4c8c-a210-c09bfbd2b090/Xurmatu%20Pekhenani%20Hez.ism/manifest

K24 - خورماتوو

بڕیاری پێکھێنانی ھێزێکی پۆلیس لە خورماتوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە, بۆ ئەو مەبەستەش گەنجانی خورماتوو کە پێشتر بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەرگرییان لە شارۆچكەكە کردووە سەرقاڵی ناونووسکردن بۆ ئەوەی بە فەرمی ببن بە پارێزەری خورماتوو.

شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو لە لێدوانێكدا بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "بەڵێنمان وەرگرتووە، ئەگەر 300 پۆلیسمان ھەبێت، بەو مەرجانەی كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق مەبەستییەتی دایانمەزرێنین، بۆ ئەوەی ئەو ھێزانەی لە ناو خورماتوون پاشەكشە بكەن و پۆلیس و ئاسایش پاراستنی خورماتوو بگرێتە ئەستۆی خۆیان".

گەنجێكی خورماتوو كە سەرقاڵی نانووسكردنی بوو بۆ ئەوەی ببێت بە پۆلیس لە شارۆچكەكەی بە (كوردستان24)ی گوت: "پێكھێنانی ھێزێكی پۆلیس بۆ خورماتوو شتێكی باشە، بۆ بەرگری كردن لە شارۆچكەكەمان تا ئەو كێشەیە لەسەر شارەكەمان نەمێنێ".

یەكێكی دیكە لە گەنجانی خورماتوو دەڵێ: "ئێمە وەك گەنجانی خورماتوو ھەموومان خۆبەخشین و شارۆچكەكەمان پاراستووە و بەرگریمان لە خۆ كردووە، ئێستا ناونووسین ھەیە بۆ ئەوەی ببین بە پۆلیس پێمان خۆشە ھەموو گەنجەكان وەك پۆلیس دابمەزرێندرێن بەو ھیوای بەرگری لە خورماتوو بكەین".

دوای چەند رۆژێك لە شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان كورد و حەشدی شەعبی لە خورماتوو رۆژی 27ی نیسانی 2016، شاندی كورد بە سەرۆكایەتی پارێزگاری كەركووك و شاندی حەشدی شەعبی بە سەۆكایەتی ھادی عامری، سەرپەرشتیاری ئەو ھێزە لەسەر ئەوە رێككەوتن كە ھەردوولا ھێزەكانیان لە خورماتوو بكشێنەوە.