پارتی تاوتوێی دوایین پێشھاتە سیاسییەكان دەكات

بارزانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/90382556-1de7-495c-8b1a-72e1148dc0c2/kobunaway%20PDK.ism/manifest

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشھاتە سیاسییەكان لە كۆبوونەوەدایە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی (كوردستان24) كەمێك پێش ئێستا بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكرد، لەو كۆبوونەوەیەدا پێشھاتە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق و شەڕی داعش تاوتوێ دەكرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "چەندین بڕیار و راسپاردە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە نێو پارتیدا لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە كە رەوشی سیاسی عێراق بە دۆخێكی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، لە ھەرێمی كوردستانیش ھەوڵی زیاتر دەدرێت بۆ لیك نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی لەبەردەم ھەر ئەگەرێك كە لە عێراق و ناوچەكە رووبدات، كورد بە یەك ریزی و گوتاری ھاوبەش بەرگری لە مافەكانی بكات.