رژێمی سووریا ئاگربەستی لە حەلەب راگەیاند

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6baaede4-fdf7-496b-aa8e-06e548c9d40e/agirbest%20heleb.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لە بەیاننامەیەکدا سوپای سووریا رایگەیاند، لە کاتژمێر 1ی شەوی پێنجشەممەوە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر ئاگر بەست لە شاری حەلەب کاری پێدەکرێت.

هاوکات، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای کرد، ئاگر بەست تەواوی سووریا بگرێتەوەو پەلەش بکرێت لە گەیاندنی هاوکاری به‌ خەڵکی لێقەوماوی حەلەب.

ئەمە لە كاتێكدایە دوو رۆژ لەمەوبەر جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھۆشداری دایە رژێمی سوریا و رایگەیاند، پێویستە ئەسەد و سوپاکەی رێز لە ئاگربەستەکەی سووریا بگرن، ئەگەرنا ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە بۆ ئەسەد، رژێمی ئەسەد ھیچ سوودێك لە دەستپێکردنەوەی شه‌ڕو پێكدادانه‌كاندا نابینێت، چونکە رووسیای ھاوپەیمانی دژی دەستپێکردنەوەی شەڕە.

لە 22ی نیسانی ئەمساڵەوە رژێمی سووریا بە چڕی بۆردومانی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی ئۆپۆزیسۆنی سووریا دەكات، بە گوێرەی ئاماری روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ تەنھا لە ماوەی ھەفتەیەكدا زیاتر لە 200 كەس گیانیان لە دەستداوە