دڵی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كوێیه؟
K24 - هه‌ولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، به هۆنراوه‌یه‌ك نهێنییه‌كانی دڵی جۆن كیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا ده‌كات.
ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، شیعرێكی به هه‌ردوو زمانی رووسی و ئینگلیزی پێشكه‌ش به جۆن كیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه.
ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی زاخارۆڤا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رۆژی 6ی ئادار/ مارسی 2016، پێشكه‌شی به‌و وه‌زیره ئه‌مه‌ریكییه كردووه و له كۆنگره‌كه‌دا، باسی پته‌وی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان جۆن كیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا رووسه‌كه‌ی كردووه.
هه‌ر له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا زاخارۆڤا گوتی: "په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی نێوان وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا گه‌یشتوونه‌ته 25 په‌یوه‌ندی، كه پێشتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌رچه‌نده كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی نێوان ئه‌و دوو وه‌زیره رۆژی هه‌ینی ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌و هه‌له بقۆزمه‌وه و پارچه هۆنراوه‌یه‌كتان له‌سه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێشكه‌ش بكه‌م".
دواتر زاخارۆڤا شیعره‌كه‌ی به‌هه‌ردوو زمانی رووسی و ئینگلیزی خوێنده‌وه و كه ده‌ڵێت:
له‌مه‌ودوا دڵی له مۆسكۆیه
دڵی له‌لای ورچی رووسییه
چیدیكه له خه‌وه‌كانی به‌دوای ورچی ئه‌مه‌ریكا ناكه‌وێت
به‌ڵكو بۆ لای كرملین ده‌گه‌ڕێته‌وه
دڵی جۆن له مۆسكۆیه، ئه‌گه‌ر ماڵی له‌هه‌ر شوێنێك بێت
دواتر ماریا زاخارۆڤا، به شێوه‌یه‌كی جدیتر باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وه‌زیره‌ی كرد و ئاماژه‌ی به به‌رنامه‌ی كاری ئه‌وان و لیستی گفتوگۆكان كرد، به‌تایبه‌تیش ئه‌و پرسانه‌ی كه به‌بێ ئه‌مه‌ریكا و رووسیا چاره‌سه‌ر نابن.
سه‌رچاوه: ئاژانسی هه‌واڵی تاسی رووسیا