رووسیا ماوەی ئاگربەست لە حەلەب درێژ دەكاتەوە

پێشتر ئەمریكا ھۆشداری دابووە ئەسەد

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بەرگری رووسیا ماوەی ئاگربەستی لە حەلەب بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.

ئاژانسی سانای فەرمی سووریا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری رووسیا له‌ شاری حه‌له‌ب و باكووری لازقیه‌ رێککەوتنی ئاگربەست بۆ 72 کاتژمێر دیكه‌ درێژ دەکاتەوە".

پێشتر لە لە 4ی ئەم مانگە لە بەیاننامەیەکدا سوپای سووریا رایگەیاند، لە کاتژمێر 1ی شەوی پێنجشەممەوە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر ئاگر بەست لە شاری حەلەب کاری پێدەکرێت، دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە ئاگربەستەكە درێژكرایەوە.

بەر لە ئاگربەستەكە ئەمریكا ھۆشداری دایە رژێمی سووریا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگه‌یاند، پێویستە ئەسەد و سوپاکەی رێز لە ئاگربەستەکەی سووریا بگرن، ئەگەرنا ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە بۆ ئەسەد.

لە 27ی شوباتی 2016 لە رێككەوتنێكی پێشوەختی نێوان ئەمریكا  و رووسیا ئاگربەست لە نێوان رژێم و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا راگەیاندرا، بەڵام چەند جارێك ھەردوولا یەكتریان بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتباركردووە.

لە 22ی نیسانی ئەمساڵەوە رژێمی سووریا بە چڕی بۆردومانی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی ئۆپۆزیسۆنی سووریا دەكات، بە گوێرەی ئاماری روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ تەنھا لە ماوەی ھەفتەیەكدا زیاتر لە 200 كەس گیانیان لە دەستداوە.