نەتەوە یەکگرتووەکان: 50 گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی دەستی "داعش" لە عێراق دۆزرانەوە

K24-هەولێر

نێردەی تایبەتی سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یان کۆبیش رایگەیاند زیاتر لە 50 گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی دەستی "داعش" لە چەند ناوچەیەکی عێراق دۆزرانەوە.

یان کۆبیش لە پێش ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی راشیگەیاند: "بەڵگە هەن کە رێکخراوی (داعش) تاوانی قێزەونی ئەنجامداوە".

بەپێی سەرچاوەکان گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لێوە کردن لەو ناوچانە دۆزراونەتەوە کە لە چەند مانگی رابردوو لە بندەستی چەکدارانی داعش لە عێراق دەرکراون.

نوێترین گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکان بەمدواییە لە مانگی چواری ئەم ساڵ لە شاری رومادیی لە رۆژئاوای عێراق دۆزرایەوە و روفاتی زیاتر لە 40 قوربانیی تێدا دۆزرایەوە.

نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەشی کرد: پویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی "هەنگاو بنێ بۆ گەرەنتیکردنی سزادانی" چەکدارانی رێکخراوی داعش.

سوپای عێراق لە مانگی 12ی ساڵی 2015 بەشێکی شاری رومادیی ناوەندی پارێزگای ئەنباری لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکرد، بەڵام تا ئێستا چەند شارێکی پارێزگای ئەنبار هێشتا لە بندەستی چەکدارانی داعشدا ماون.

یان کۆبیش گوتیشی: "سەرەرای پێشڕەویکردنی بەردەوام و دیار" لە دژی گرووپی داعش، بەڵام گرووپەکە هێشتا دووژمنێکی گەورە و سەرسەختە و بەردەوام تەکتیکەکانی و شێوازی هێرشەکانی دەگۆڕێ، بۆیە ناکرێ تەنیا بە رێکاری سەربازیی شکست بە گرووپەکە بهێنرێ، داواشی کرد رێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ چارەکردنی هۆکارە بناغەییەکانی توندوتیژیی توند.

نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکراشی کرد: "قەیرانی مرۆیی لە عێراق یەکێکە لە خراپترین قەیرانەکانی جیهان"، چونکە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس واتا سێیەکی دانیشتوانی عێراق پێویستیان بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی هەیە، بەڵام تا ئێستا تەنیا چارەکێکی پارەی پێویستمان بۆ فریاکەوتنی گەلی عێراق لە ساڵی 2016 بە دەست گەیشتووە و بڕەکەشی 861 ملیۆن دۆلارە.

بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق بەهۆی شەڕی دژی داعش و توندوتیژیی و ململانێی سیاسیی و چەکدارایی ژمارەی ئاوارەکانی نێوخۆی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارە کە بەشێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

ئا: ئا ، ف