زاگرۆس، مێزۆپۆتامیا یان کوردیا؟

Kurd24

لە سەروبەندی نووسینی بەشی دووەمی ئەم بابەتە بووم کە هەواڵێک لە سایتی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس بڵاوکرایەوە کە کۆماری چیک ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ناوی ئەم وڵاتە بۆ کۆمپانیا بازرگانی و یانە وەرزشییەکان لە فرۆشتنی بەرهەم و پۆشاک ئاسانتر بێت. وا دیارە زۆر لە وڵاتە تازەکان بیرۆکەی گۆڕینی ناوی خۆیان وڵاتەکەیان هەیە بۆ مەبەستی سیاسی، بازرگانیی، مێژوویی.. هتد.

هەروەسا هەندێ لە هاوڕێیانی دڵسۆز بە ئیمەیل و کۆمێنت هەندێ پیشنیازی تریان بۆ ناردم کە جێی سوپاس و پێزانینە و ئاماژەیەکە بە پەرۆشییان بۆ ئەم بابەتە هەرە گرنگە. هەندێ لەو دڵسۆزانە ناوی کوردلاندیان پێ باش بوو و هەندێکی تریش ناوی میزۆپۆتامیا و هەندێکیش ناوی زاگرۆس. لێرەدا دەخوازم بە کورتیی ئاماژە بۆ ئەو ناوانە بۆ بەرچاوڕوونی پتر و هەرەوها زەمینەسازیی بۆ شیکاریی وتوێژینەوەی راستەقینە لە سەر ئەم بابەتە گرنگە.

زاگرۆس:

ناوی مێژوویی زنجیرە چیای زاگرۆس کۆر یان کور بووە و بەپێی ئەستورەناسیی سومەرییەکان، کور لە بنەڕەتدا ناوی چیایەک بووە کە لە رۆژئاوای سومەربووە. کور هەروەها ناوی ئیمپراتورێکی ئەکەدە کە 3000 ساڵ لەمەوەبەر لە سەر هەموو هەرێمەکانی زاگرۆس حوکمڕانیی کردووە.

هەندێ لە مێژووناسانیش لەو باوەڕەدان کە زاگرۆس لە زمانی ئاوێستادا زاگرەZa G'R _  بە واتای چیای مەزن. هەندێکی تریش دەڵێن کە ئەو وشەیە لە کۆچەرانی هیندۆ ئەوروپیی کە لەوێندەر ژیاون و بە ناوی ساگارتی بوونە, وەرگیراوە. هەندێ لە نووسەرە ئێرانییەکانیش بە تایبەت محەممەد قەزوینیی لە کتێبەکەی خۆیدا دەنووسێ: زاگروس ناوێکی یۆنانییە کە بە زنجیرە چیاکانی رۆژهەڵاتی ئێران دەگوترێ.

ـ لە فەرهەنگنامەی یۆنانیی - ئەڵمانیی کە لە ساڵی 1886 لە لایپزیگ چاپکراوە، واژەی Zagros yan Zagrio بە مانای چیایەک لە دەورانی میدیا ـ هاتووە کە وەگیراوە لە نووسینەکانی ـ ئسترابون و پولیوس.

ـ رومەن گیرشمن ـ مێژووناسی فەرەنسیی لە کتێبی ـ ئێران لە سەرەتاوە تا ئیسلام ـ زاگروسی بە هۆزێک ناساندووە و بە هۆزێکی سێیەمی ئێرانی بە ناوی Zikirtu  یان ساگارتی دەناسێنێ.

ـ هرودوت یەکەمین مێژوونووسی یۆنانیی لە پەرتووکی ـ مێژووی هرودوت ـ ئەم هۆزەی بەناوی ساگارتی باس کردووە و دەڵێ: ئەو هۆزانەی تر کە لێی ژیاون بریتین لە : داین، مارد، دوپیک، ساگارتی، کە واتە، ناوی زاگرۆس هەم ناوی چیایەکە و هەمیش ناوی ئێڵ و هۆزێک بووە کە لە هەرێمی ئەو چیایانە ژیاون.

لە بەر ئەوەی زاگرۆس تەنێ لە کوردستانی باشوور نییە و لە ئێرانیش بوونی هەیە، دەکرێ ئێران ناڕەزایی دەرببڕێ و کێشەی سیاسیی و جوگرافیی و تەنانەت ئابووریشمان بۆ دروست بکات. ئەمە تەنانەت بۆ تورکیاش راستە چونکە زنجیرە چیای زاگرۆس لە کەنارەکانی زەریای وان لە تورکیاوە دەست پێدەکات بە باشووری کوردستان تێدەپەڕێ و دەچێتە ناو ئێران و لە وێشەوە بە ناو 14 شاری گەوەری ئێران دا تێدەپەڕێ کە ئەمانەن: ئازەرباجیان غەربیی، کوردستان، کرمانشاە، هەمەدان، ئیلام، ئەسفەهان، کەهگیلویە و بویر ئەحمەد، چوارمەحال و بەختیاریی، خۆزستان، لۆرستان، ئوستانی فارس، کرمان وهۆرموزگان.

پاشان زاگرۆس دەربڕی پێکهاتەی نەتەوەیی ئەو وڵاتە نابێ. تەنیا سمبولێکی جوگرافییە کە بە 3 وڵاتی ئێستادا تێدەپەڕێ . ئەوە وەکوو ئەوەیە کە ناوی وڵاتەکەمان ناوی زەریا، رووبار بێ کە پتر واتاو سیمبولی جوگرافیی دەگەیەنێ تاکوو وڵات و نەتەوە. ئەوە جگە لەوەی کە ئێران بە پێکهاتە جوگرافییەکانی ئێستای جیهان، خۆی بە خاوەنی سەرەکیی زاگرۆس دەناسێنێ، لە بەر ئەوەی ئەو زنجیرە چیایە بە ناو 14 شاری گەوەری دا تێدەپەڕێ، مافی یاسایی پتری لە سەر ئەم ناوە دەشکێ و لەوانەشە تەنانەت لە پاش سەربەخۆییمان بتوانێ سکاڵامان لە سەر تۆمار بکات.

میزۆپۆتامیا

هەندێ لە نووسەران ئەم ناوەیان پێشنیاز کردووە بۆ ئەوەی بکرێتە ناوی فەرمیی دەوڵەتی کوردستان. ئەم ناوەش سەرەڕای هەبوونی سیمبولێکی مێژویی بۆ کورد، ناوێکی شیاو نییە لە بەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

مێزۆپۆتامیا بە مانای نێوانی 2 رووبار دێ. کە واتە مەبەستی سەرەکیی نێوان 2 رووباری دیجلە و فوراتە و کوردستانی باشوور بەشێکی گچکەیە لێی.

ئەم دوو رووبارە بە نێو وڵاتانی تورکیا و سووریا و عێراقدا تێدەپەڕێ. هەرچەند لە روانگەی مێژووییەوە ئەو ناوچانە کوردستان بوونە، بەڵام ئاکادی و ئاشوور و سۆمەر و بابلییەکانیش خۆیان بە خاوەنی ئەم شارستانییە دەزانن. ئێستا 3 وڵاتی جیاواز خۆیان بە خاوەنی میزۆپۆتامیا دەزانن. بێجگە لەوەی کە ئەم دوو رووبارە تا خوارەوەی عێراق و بەسرە بەردەوام دەبێ.

ئەمە ئەو واتایە ناگەیەنێ کە ناتوانین میزۆپۆتامیا وەکوو سیمبولێکی گەشتوگوزاریی بە کار بهێنین، بە پێچەوانەوە دەکرێ بگوترێ کوردیا لە ناو جەرگەی میزۆپۆتامیای کۆن لە دایک دەبێ.

ناوی میزۆپۆتامیا زۆر گرانە و لە روانگەی تیجاریی وپیشەیییەوە زۆر ئەستەمە بەکار بێ. لە کاتێکدا کە کوردیا زۆر ساناتر دەکرێ لەناو مێشکی خوێنەر و گەڕیدەکاندا بچەسپێت.

ژێدەرەکان:

http://zagrosn.com/12278-3

https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%B2%D8%A7%DA%AF%D8%B1%D8%B3