ئۆپۆزسیۆن بوون تەنیا دژایەتیکردنی حزبی دەسەڵات نییە

محەممەد حاجی:
kurdistan24.net

K24-هەولێر

رێکخەری پێشووی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان محەممەد حاجی رایگەیاند ئۆپۆزسیۆن بوون تەفسیرێکی نادرووستی بۆ دەکرێ لەوەی کەوا دەڵێن مادام من ئۆپۆزسیۆنم ئەوەی کەوا حزبی دەسەڵات دەیڵێ ئەبێ من دژی ئەو بم ئەگەر نا من ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە نیم.

سیاسەتمەدار محەممەد حاجی کە چەند مانگێکە لە بزوتنەوەی گۆڕان جیابووەتەوە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (کوردستان 24) راشیگەیاند: "لەدایکبوونی دەوڵەتی عێراق 90 ساڵ پێش ئێستا لەدایکبوونێکی سروشتیی و تەندرووست نەبووە، دروستکردنی دەوڵەتێک بە پێوەرەکانی ئەو کاتە، کە براوەکانی جەنگی جیهانیی نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوڕاستیان دووبارە داڕشتەوە، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە زۆریی دروستکراوە و بە زۆریی بەیەکەوە لکێنراوە بەتایبەتی باشووری کوردستان کە لە ساڵی 1925 بە عێراقەوە لکێنرا و لەو کاتەوە تا ئێستا دەبینین عێراق بۆ چەند ساڵێک بە دوای یەکەوە سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە".

محەممەد حاجی گوتیشی: "ئەم حاڵەتەی کە ئەیبینین ئێستا کە لایەنەکان زۆر ناکۆکن و گەیشتووەتە رادەی ئیفلیجبوونی حکوومەت و پەرلەمان ئەمە کەڵەکەبوونی کێشەکانی رۆژێک و دوو رۆژ و هەفتەیەک و مانگێک و ساڵێک نییە"، ئاماژەشی کرد: "بە قەناعەتی من دەوڵەتێکی وەکوو عێراق دوو بژاردەی هەیە یەکەمیان یان دەبێ بە هێز حکوم بکرێ و بە هێز ئەم کیانە سیاسییەی بپارێزرێ و گوێ نەدرێ بە ئیرادەی خەڵکەکەی و پێکهاتەکانی ناو عێراق یان دەبێ ئەم عێراقە دابەش بکرێ و هەڵبووەشێتەوە".

سیاسەتمەدار محەممەد حاجی باس لەوەش دەکات: "لە دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعس پرۆسەیەک دەستپێکرد بە ناوی پرۆسەی سیاسیی دیموکراتیی لە عێراق، ئەو پرۆسەی بە تەواویی شکستی خواردووە ئێستا و پێموایە جارێکی دیکە عێراق ناگەڕێتەوە دۆخی پێش 2003 چونکە زەمەنەکە گۆڕاوە و ناوچەکە گۆڕاوە و عێراق لە دوای ساڵی 2003 دابەش نەبووە، عێراق لە دوای ساڵی 1991 دابەش بووە و تا ئێستاش هەرێمی کوردستان نیمچە دەوڵەتە".

رێکخەری پێشووی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ: "ئەوەی من دەیبینم لە جەنابی سەرۆک (بارزانی) ئێرادەیەکی بەهێزی هەیە بۆ مەسەلەی دەوڵەتی کوردیی و پێموایە ئەو هەنگاوانەی کە ناویانێتی لێشیان پاشگەز نابێتەوە و زەمانەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و زەمانەتی یەکهەڵوێستی و هاوهەڵوێستیی لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە ئەمەش بە مانای ئەوە نییە قورسایی و سەنگی لایەنەکانی تر بە هەند وەرنەگرین".

محەممەد حاجی ئەوەش دەخاتەڕوو: "هێز و لایەنی سیاسیی هەیە پێیوایە یەکریزیی و هاوهەڵوێستیی بەوە دەبێ هەرچی ئەو دەیڵێ وابێ لە کوردستان کە ئەوە مەحاڵە، نە هەموو ئەو شتانەی پارتی دەیڵێ وا دەبێ لە کوردستان و نە هەموو ئەو شتانەی کە یەکێتی دەیڵێ وا دەبێ و ئەمە بۆ گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵێس هەر راستە و ئۆپۆزسیۆن بوون لای ئێمە هەندێک جار تەفسیرێکی نادرووستی بۆ دەکرێ لەوەی کەوا مادام من ئۆپۆزسیۆنم ئەوەی کەوا حزبی دەسەڵات دەیڵێ ئەبێ من دژی ئەو بم ئەگەر نا من ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە نیم کە من پێموایە مەفهومێکی زۆر خەڵەتە ئەمە".

ئا: ئا ، ف