هه‌نگاریا هاوكاری زیاتری سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

هاوكارییه‌كان به‌ شێوازێكی راسته‌وخۆ ده‌گه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

جابا سیكینزی, سەركونسوڵی هەنگاریا لە هەولێر، به‌ ئاژانسی "ئه‌نادۆلو"ی راگەیاند، لەچوارچێوەی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، تائێستا هەنگاریا 275 تەن چەك و تەقەمەنی داوەتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بڕیاریشە 110 جۆر تەقەمەنی و پێداویستی دیكه‌ی شه‌ڕ بۆ پێشمەرگە ره‌وانه‌ بكات.

جابا سیكینزی گوتی: "راوێژكارو راهێنەرانی سەربازیی هه‌نگاریا له‌ مەشقكردن بە هێزەكانی پێشمەرگە به‌رده‌وامن و نەخۆشخانە سەربازییە تایبەتەكانیشمان، چارەسەری چەند پێشمەرگەیەكی برینداری شەڕی داعش دەكەن، كە ھەندێكیان چارەسەر كراون و ئێستاش چوار له‌ برینداره‌كان گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان".

سەركونسوڵی ھەنگاریا لە ھەولێر گوتیشی: "هەموو هاوكارییه‌كان راستەوخۆ دراونەتە هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و هاوكارییەكانی دیكه‌ش هەربەو شێوەیە دەبێت".