بوونی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناوچه كوردستانییه‌كان پێویست نییه
K24 - هه‌ولێر:
كه‌مال كه‌ركووكی، به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركووكی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له میانی به‌شداریكردنی به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان 24 رایگه‌یاند، كه داعش هاته ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك، نه سه‌حوه نه سوپای عێراق به‌رگرییان نه‌كرد و سه‌رجه‌م چه‌ك و پێداویستییه سه‌ربازییه‌كانییان جێهێشت و پێشمه‌رگه به چه‌كێكی ساده داعشی راگرت.
كه‌مال كه‌ركووكی له باره‌ی بوونی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كانی خورماتوو رایگه‌یاند، بوونی ئه‌وان له ناوچه‌كه، جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه و گوتی: "له میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركووك رێگه‌مان نه‌داوه، نه حه‌شدی شه‌عبی و نه حه‌شدی نیشتمانی بێنه ناوچه‌كه و ته‌نها پێشمه‌رگه‌یه".
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، ئه‌وان له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا نین و ئاگاداریش نین و به بۆچوونی ئه‌وان، حه‌شدی شه‌عبی له داهاتوودا كێشه بۆ ناوچه‌كه دروست ده‌كات.
زیاتر گوتیشی: "حه‌شدی شه‌عبی فیتنه‌یه دێته ناوچه‌كه، هه‌رچه‌نده دژی حه‌شد نین له ناوچه‌كانی خۆیان، به‌ڵام له‌ناو كوردستان پیویستمان پێیان نییه".
له باره‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر گوتی: "هێزی رزگاركه‌ری سه‌ره‌كی به‌شیر پێشمه‌رگه‌بوو، ئه‌گه‌ر حه‌شد له به‌شیر نه‌بوایه، زۆر ده‌مێك بوو ئازاد كرابوو".
سه‌باره‌ت به سه‌ردانی سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و داواكه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی نوێنه‌رانی كورد بۆ به‌غدا، رایگه‌یاند، جبووری زه‌مانه‌تی خۆیشی پێناكرێت، چۆن داوا له نوێنه‌رانی كورد ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه به‌غدا.
هه‌روه‌ها گوتی: "ده‌بێت به شه‌راكه‌تی راسته‌قینه بگه‌ڕێینه‌وه به‌غدا، نه‌ك به به‌ش به‌شێنه، چونكه ئه‌گه‌ر به زۆرینه و كه‌مینه بێت تا ماوین كورد وه‌ك كه‌مینه ده‌بێت له به‌غدا".