سبه‌ی دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌نی فه‌له‌كی رووده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
زانایان له ئاژانسی بۆشاییگه‌ری ئاسمانی ئه‌مه‌ری (ناسا) رایانگه‌یاند، سبه‌ی 9ی ئایار/ مایۆ، دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌نی فه‌له‌كی رووده‌دات، كه 10 ساڵ جارێك دووباره ده‌بێته‌وه.
وه‌ك زانایانی ناسا ئاماژه‌یان بۆ كردووه، سبه‌ی هه‌ساره‌ی عه‌تارد، به نێوان هه‌ساره‌ی زه‌وی و خۆردا تێپه‌ڕده‌بێت و هه‌ردوو هه‌ساره‌ی زه‌وی و عه‌تارد ده‌كه‌ونه سه‌ر یه‌ك هێل.
به گوێره‌ی لێدوانی زانایانی ناسا، سبه‌ی كاتژمێر 11:12 خووله‌ك به كاتی گرینیچ، عه‌تارد، وه‌ك خاڵێكی بچووك، ده‌كه‌وێته سه‌ر یه‌كه‌م هیڵی نێوان خۆر و زه‌وی و به خێرایی 48 كیلۆمه‌تر له چركه‌یه‌كدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
بۆ تێپه‌ڕینی ئه‌و هه‌ساره‌یه له نێوان خۆر كه تیره‌ی 1.39 ملیۆن كیلۆمه‌تره، به‌و خێراییه، پێویستی به 7 كاتژمێر و نیو ده‌بێت.
بڕیاره ناسا، دیمه‌نی ئه‌و رووداوه راسته‌وخۆ له كه‌ناڵه‌كانی تایبه‌ت به‌خۆی و له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت په‌خش بكات.
زانایان دووپاتیشیان كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌و دیارده‌یه فه‌له‌كییه، هیچ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر زه‌وییه‌وه نابێت، وه‌ك زانایان ئاماژه‌یان بۆ كردووه، ئه‌و دیارده‌یه له باشووری ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا به روونی به‌دیارده‌كه‌وێت.
سه‌رچاوه: ناسا - هافینگتۆن پۆست