شەھیدانی زیندوو لە ھەندێك كەناڵی راگەیاندن نیگەرانن

"قسەی بێ بنەما و ناڕەوا دەخەنە پاڵ نەبەردییەكانی پێشمەرگە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/35079242-f18b-4b16-8c51-cd1fbf0913f4/shahidani%20zindu.ism/manifest

K24 – ھەولێر

ئەندامێكی دەستەی باڵای كۆمەڵەی شەھیدانی زیندووی كوردستان رایاگەیاند، ھەندێك كەناڵی راگەیاندن قسەی بێ بنەما و ناڕەوا دەخە پاڵ نەبەردییەكان پێشمەرگە، ئەگەر لەسەر ئەم جۆرە كاركردنە بەردەوامبن سكاڵای یاسایی لە دژی ئەو كەناڵانە تۆمار دەكەین.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) محەممەد چوچانی، ئەندامی دەستەی باڵای كۆمەڵەی شەھیدانی زیندووی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە نیگەرانی خۆمان بەرامبەر ئەو راگەیاندنانە دەردەبڕین كە بەناوی دەزگا و راگەیاندنی سێبەرەوە قسەی بێ بنەما  و ناڕەوا دەخەنە پاڵ نەبەردییەكانی ھێزی پێشمەرگە، ھەر ھێزی پێشمەرگەیە سنوورەكانی كوردستان دەپارێزێت".

گوتیشی: "ئەگەر ئەو كەناڵانە لەسەر ئەو جۆرە كاركردنە بەردەوامبن، ئێمە وەك كۆمەڵەی شەھیدانی زیندوو ئامادەین سكاڵای یاسایی لە دژی دەزگاكانیان تۆمار بكەین".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەو دەزگا راگەیاندنە سێبەرانەی بەوشێوە كار دەكەن دەیانەوێت ھێزی پێشمەرگە بۆ ململانێی سیاسی بەكار بێنن كەناڵی ( كوردستان24) لە تەلەسقۆف لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بوو رووماڵی رووداوەكانی دەكرد، دەزانن شەڕەكە چۆن بوو، ئەو كەناڵانەی كە ئەم جۆرە قسانە دەخەنە پاڵ پێشمەرگە دەیانتوانی بێنە ئەوێ بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان تەرمەكانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ببینن".

باسی لەوەشكرد: "قسەی ئەو دەزگا راگەیاندنانە كاریگەری زۆرە، چونكە پێشمەرگە گیانی خۆی فیدا دەكات بۆ پاراستنی خاكی كوردستان، ئەوان بڵێن پێشمەرگە شەڕی نەكردووە. ئەی ئەو ھەموو داعشە بەچی كوژراون".

نیگەرانی كۆمەڵەی شەھیدانی زیندووی كوردستان دوای ئەوە دێت كە لە شەڕی پێشمەرگە دژی داعش لە 3ی ئەم مانگە لە تەلەسقۆف ھێزی پێشمەرگە شكستی بە داعش ھێنا و زیانی گیانی زۆری پێگەیاندن، بەڵام ھەندێك كەناڵی راگەیاندن ھەواڵ و زانیاریان بەجۆرێكی دیكە بڵاوكردەوە كە بڕوای فەرماندەكانی پێشمەرگە ئەم جۆرە كاركردنەی راگەیاندنەكان خزمەت بە داعش دەكات.