توركیا ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان دەكات

"رۆكێتی جۆری باھۆزی جێگیركردووە"

K24 - ھەولێر

توركیا یاسای وەڵامدانەوەی سه‌ربازی فراوانتر دەكات و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكات.

توركیا چوارچێوەی یاسای وەڵامدانەوەی سه‌ربازی لە دژی داعش بەرفراوانتر دەكات و رۆژئاوای كوردستانیش دەگرێتەوە، بەگوێرەی ئەو یاسایە، توركیا ده‌توانێت ھێرش بكاتە سەر كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان.

رۆژنامەی یەنی شەفەقی نزیك لە پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا (ئاكەپە) و حكوومەتی توركیا بڵاویكردەوە: "ئەگەر ساغ ببێتەوە كە پەیەدە پشتگیری له‌ پەكەكە دەكات، ئەوا توركیا ھێرش دەكاتە سەر كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان".

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: "پەیەدە لە سەر سنووری قامیشلۆی رۆژئاوا و نسێبین له‌ باكووری كوردستان چەك و پێداویستی سەربازی رەوانەی باكووری كوردستان دەكات، بۆیە سوپای توركیا لە ناوچەكانی بەرامبەر عەفرین و كۆبانێ بنكه‌ی رۆكێتی جۆری باھۆزی جێگیركردووە و چاوەڕێی فەرمانە".

ئەمە لە كاتێكدایە بەرپرسانی باڵای توركیا چەند جارێك پارتی یەكێتی دیموكارت (پەیەدە)یان بە ھاوكاریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباركردووە، چەندین جاریش توركیا بەو ھۆیەوە ناوچە سنووورییەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆردومان دەكات.