چالاکوانان: رێککەوتنێک بەدیهات بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە بەندیخانەی حەما

چەند رۆژێکە زیندانیانی بەندیخانەی حەما لە سووریا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی سووریایە مانیان گرتووە

K24-هەولێر

رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن و نارەزایەتییەکانی نزیکەی 800 زیندانیی کە زۆربەیان زیدانی سیاسیین و لە بەندیخانەی شاری حەما لە سووریا بەندکراون، هاتە ئاراوە لە نێوان زیندانییەکان و حکوومەتی سووریا، وەک چالاکوانان لە سووریا رایانگەیاند.

ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز لە زاری چەند گرووپێکی ماف پارێز و چەند چالاکوانێک لە سووریا کە پەیوەندیان بە زیندانییەکانەوە هەیە، راشیگەیاند: رێککەوتنەکە ئەمڕۆ دووشەممە بەدیهات و بەدیهاتنی ئەگەر هەیە لە کۆتاییدا حکوومەتی سووریا بڕیاری لێبوردن و ئازادکردنی زیندانییەکان بدات بەبێ تۆمەتبارکردنیان.

سەرچاوەکانی رۆیتەرز دەشڵێ: "رێککەوتنەکە لە دڕەنگانی ئێوارەی یەکشەممە (دوێنێ) بەدیهات و کۆتایی بەو مانگرتنە دێنێ کە هەفتەی رابردوو لە بەندیخانەی حەما لە ناوەڕاستی سووریا دەستیپێکرد بەهۆی یاخیبوونی زیندانیانی سیاسیی نێو بەندیخانەکە لە بەرامبەر بڕیاری گواستنەوەی پێنج زیندانیی بۆ بەندیخانەی سەیدنایا بۆ ئەوەی لە سێدارە بدرێن بە بڕیاری دادگایەکی سەربازیی".

ئاژانسەکە لە زاری چالاکوانانی ماف پارێز کە پەیوەندییان بە زیندانییەکانەوە هەیە دەڵێ: "رژێم (دەسەڵاتی بەشار ئەسەد) بە زۆربەی داواکارییەکانی زیندانیان قایل بووە کە بریتین لە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی کە بەبێ تۆماربارکردنیان دەستبەسەرن".

ئەم رێککەوتنە دوای چەند رۆژێک هات لەوەی زیندانیانی بەندیخانەی حەما دەستیان گرتە سەر بەندیخانەکە و ژمارەیەک لە پاسەوانانی بەندیخانەکە و چەند کەسانێکی دیکەیان بە بارمتە گرت، هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا رۆژی هەینیی رابردوو بەندیخانەی حەمایان گەمارۆدا لە هەوڵی چوونە نێو بەندیخانەکە بە رێگەی بەکارهێنانی گازی فرمێسک رژێنەر و گوللـەی پلاستیکیی بۆ کۆتاییهێنان بە نارەزایەتییەکانی زیندانیان.

رۆیتەرز لە زاری چالاکوانی ماف پارێز لە سووریا مازن دەروێش کە پێشتر لە بەندیخانەی حەما بەندبووە و پەیوەندیی بە زیندانییەکانی ئێستای نێو بەندیخانەی حەماوە هەیە، دەڵێ: "رێککەوتنێکی زارەکیی بەدیهات"، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەدا.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەواڵەکانی لەبارەی بەندیخانەی حەماوە رەتکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە باسی ئەم پرسەی نەکرد.

هەروەها روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد کە رێککەوتنێک لە ئارادایە بۆ ئازادکردنی 26 زیندانیی نێو بەندیخانەی حەما، پێشتریش حکوومەتی سووریا 46 زیندانیی دیکەی لە بەندیخانەکە ئازاد کردبوو بە نێوانگیریی خاچی سووری نێودەوڵەتیی، بەڵام لە کۆتاییدا دانووستانەکانی بەردەوام نەبوون.

ئەمە لە کاتێکدایە رێکخراوەکانی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ لە سووریا و جیهان باس لەوە دەکەن کە دۆخی زیندانیانی نێو بەندیخانەی حەما زۆر خراپە بەتایبەت دوای ئەوەی کە رایانگەیاند حکوومەتی سووریا کارەبا و ئاوی لە زیندانییەکانی نێو بەندیخانەکە بڕیوە.

پێشتریش لە ساڵی 2008 زیندانیانی ئیسلامیی نێو بەندیخانەی حەما نارەزایەتییان ئەنجامدا و رووداوەکە بووە هۆی کوژرانی چەند زیندانییەک کە دەگوترێ بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لە دەستدا.

ئا: ئا ، ف