ژمارەی کۆچبەران کە دەگەنە ئەڵمانیا کەمیکردووە

وەزارەتەکە بە ژمارە ئاشکرای دەکات مانگی رابردوو چەند کۆچبەر و لە کوێوە هاتوون و گەیشتوونەتە ئەڵمانیا

K24-هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە مانگی چواری ساڵی 2016 گەیشتنە ئەڵمانیا بە نزیکەی چارەکێک کەمیکردووە بەراورد لەگەڵ مانگی سێی ئەم ساڵ.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: "لە مانگی چواری ئەم ساڵ 16 هەزار کۆچبەر تۆمار کراون کە بەنیازن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن لە ئەڵمانیا، لە کاتێکدا لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو 120 هەزار کۆچبەر داوای مافی پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیا کردبوو".

بەڵام ئەم ژمارە لە مانگی یەکی ساڵی 2016 کەم بووەوە و گەیشتە 90 هەزار کۆچبەر و دواتر لە مانگی شوبات ژمارەکە کەمتر بووەوە و گەیشتە 60 هەزار کۆچبەر و لە مانگی سێی رابردووش ژمارەکە بۆ 20 هەزار کۆچبەر دابەزی.

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەشی کرد: "زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە ئەڵمانیا سوورین و ژمارەیەکان (لە مانگی رابردوو) گەیشتە 2724 کەس و دواتر ئەفغانییەکان دێن کە ژمارەیان گەیشتە 2063 و دواتر عێراقییەکان کە ژمارەیان گەیشتە 1853 کۆچبەر و دواتر ئێرانییەکان دێن کە ژمارەیان گەیشتە 1016 کۆچبەر و دواتر رووسەکان دێن".

لە بەرامبەردا بەپێی وەزارەتەکە ژمارەی داواکردنی مافی پەنابەرێتی لە مانگی چواری رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە 60943 داوا، کە 25891 داوایان هی کۆچبەرانی سوورين.

بەپێی حکوومەتی ئەڵمانیا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2015 زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.

ئا: ئا ، ف