رژێمی سووریا ئاگربەستی لە حەلەب درێژ كردەوە

"ھەفتەی رابردوو بە بڕیاری رووسیا ئاگربەست درێژكرابووەوە"

K24 - ھەولێر

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی سووریا له ‌سه‌ر زاری فه‌رمانده‌یی گشتیی سوپای وڵاته‌كه‌ی، هه‌واڵی درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ست له‌ شاری حه‌له‌ب بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

بە گوێرەی ئاژانسی ھەواڵی فەرمی سووریا ماوەی ئاگربەست بۆ 48 كاتژمێری دیكە درێژكراوەتەوە.

بەپێی زانیاری میدیاكانی سووریا تا دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان به‌رده‌وامبوون له‌ حه‌له‌ب، دواتر حكوومه‌تی سووریا لە كاتژمێر 1 ی شەو ئاگربەستی راگەیاندووە، ماوەی ئاگربەست لە حەلەب تا كاتژمێر 12ی سبه‌ی شه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت.

لە 4ی ئەم مانگە رژێمی سووریا ئاگربەستی لە شاری حەلەب بۆ ماوەی 48 كاتژمێر راگەیاند و دوای تەواو بوونی وادەی ئاگربەستەكەش بە بڕیاری وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاگربەست بۆ ماوەی 72 كاتژمێر درێژكرایەوە.

دوای ئەوەی لە 27ی شوباتی ئەمساڵ ئاگربەست لە نێوان رژێم و ھێزە ئۆپۆزیسیۆنە میانڕەوەكانی سووریا راگەیاندرا، لە 20 ی نیسان رژێمی سووریا دەستیكرد بە بۆردومان كردنی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن لە شاری حەلەب بە گوێرەی زانیاری روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیانی سڤیل بەھۆی بۆردومانەكانی رژێم گیانیان لە دەستداوە.