چاوپێكەوتنەكانی مەلا مستەفا بارزانی لە پێشانگایەكی نێودەوڵەتی نمایش دەكرێن

K24 - ھەولێر
كۆكراوەی چاوپێكەوتنەكانی مەلا مستەفا بارزانی، لەگەڵ میدیا جیھانییەكان لە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە تاران نمایشكرا.
ئاژانسی ھەواڵی مێھری ئێرانی بڵاویكردووهتەوە: "كتێبی (بەرتارەكی تووفان) كە كۆكراوەیەكی چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانیەكانی مەلا مستەفا بارزانییە، لە ساڵی 1945 تا 1979 لەتووێی كتێبێكدا چاپكراوهو لە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی تاران نمایشكراوە".
ئەو كتێبە لە نووسینی نووسەری كورد بەھرام وەلەد بەگییە و دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی سالس ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی لەئەستۆ گرتووە، كتێبەكە 900 لاپەرەیە تەنیا ئەو چاوپێكەوتنانەی بڵاوكراونەتەوە، كە مەلا مستەفا بارزانی، لەگەڵ راگەیاندنە ئەورووپی و ئەمریكییەكان ئەنجامیداون و لە رۆژنامەكانی ئێرانیشدا بڵاوكراونەتەوە.
مەلا مستەفا بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد لە جیھان وەك كەسایەتییەكی سیاسی و كاریگەر ناسراوە، لە تەمەنی سیاسیدا وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد توانی مافی رەوای كورد و داخوازییەكانی بە جیھان بناسێنێت.
