نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر كوردانی باكوور هاته‌ ده‌نگ

توركیا به‌ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ تۆمه‌تبار ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا، ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا تۆمەتبار دەکات بەوەی كە لە باكووری كوردستاندا چەندین پێشێلکاریان  بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ كردووە.

لە بەیاننامەیەکدا، زیاد رەعد حوسێن، بەرپرسی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت : "ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا چەندین خەڵکی مەدەنیان لە باکوری کوردستاندا کوشتووە و زیاتر لە 100 کەسیشیان سووتاندووە".

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: "ئێمە لە راپۆرتەکەماندا لەسەر بارودۆخی مافەكانی مرۆڤی باکوری کوردستان، پشتمان بە چەندین سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەستووە و ئەو پێشێلکاریانەش لەو ماوەیەدا كراون کە ھاتووچۆکردن لە ناوچە کوردییەکان قەدەغە کرابوون". 

زیاد حوسێن دەڵێت: "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگاداری بارودۆخی باکوری کوردستان بێت، چونکە زۆر مەترسیدارە".

دواتر ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتیشی: "بەتوندی ئیدانەی ھەر ھێرشێك دەکەین کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە لە باکووری کوردستان كردوویانە و بووەتە ھۆی گیان لەدەستدانی خەڵکی مەدەنی".