ئيتاڵیا شانه‌یه‌كی نهێنی داعش ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئيتاليا دوو كه‌س به تۆمه‌تی پلاندانان بۆ ئه‌نجمدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی، له رۆما و له‌نده‌ن، ده‌ستگیرده‌كات.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له پۆلیسی ئیتاڵیا رایگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه له شانه‌یه‌كی نهێنی توندڕه‌وان، دوو كه‌سیان ده‌ستگیركردووه، كه پلانی ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستییان له هه‌ریه‌ك له رۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا و له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا هه‌بووه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌و شانه نهێنییه، له بۆجلیای باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئیتاڵیا دامه‌زراوه و له چوارچێوه‌ی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی، "پلانی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستییان له ئیتاڵیا و ده‌ره‌وه ئه‌و وڵاته هه‌بووه".
سه‌رچاوه‌كه راشیگه‌یاندووه، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ پێنج كه‌س ده‌رچووه، كه چواریان ئه‌فغانی و یه‌كێكییان پاكستانییه و له ئێستادا ته‌نها دوو كه‌سییان ده‌ستگیركراون.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه كراوه، سێ له‌و گومانلێكراوانه به تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی تۆمه‌تبار كراون و دوو گومانلێكراوه‌كه‌ی دیكه‌ش، به كاری كۆچی نایاسایی و بازرگانیكردن به مرۆڤ.
هه‌رچه‌نده تا ئێستا هیچ هێرش و په‌لامارێكی هاوشێوه‌ی فه‌ره‌نسا و به‌لجیكا له ئیتاڵیا رووینه‌داوه، به‌ڵام ئه‌و وڵاته ژماره‌یه‌ك كه‌س به گومانی پلاندان بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ده‌ستگیركردووه.
لێكۆڵه‌ران له باره‌ی ده‌ستگیركراونه‌وه رایانگه‌یاندووه، ئه‌و گرووپه كه له شاری باری هه‌رێمی بۆگلیا نیشته‌جێن، په‌یوه‌ندییان به رێكخراوی داعشه‌وه هه‌یه و یارمه‌تی لۆجستی ئه‌و رێكخراوه‌یان داوه.
پۆلیسی ئیتاڵیا، له‌ناو مۆبایلی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌دا، وێنه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌ستكه‌وتووه كه نیازی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستییان لێ هه‌بووه، وه‌كو فڕۆكه‌خانه‌كان، كه‌ناراوه‌كان و مۆڵ و شوێنه بازرگانییه‌كان.