تەرمی 12 پاسداری ئێران لەبەر دەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادان

پێشتر كوژرانی 13 پاسداری دیكە راگەیاندرابوو

K24 - ھەولێر

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، تەرمی 12 ئەندامی سوپای پاسدارانی مازەندەران لەبەردەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریادان و نەیانتوانیووە بیانگەرێننەوە.

حوسێن عەلی رەزایی، یاریدەدەری پەیوەندییە گشتییەكانی سوپای پاسدارانی مازەندەران بە ئاژانسی ئیسنای راگەیاندووە: "نەیانتوانیوە تەرمی 12ئەندامی سوپا لە بەردەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بێنینەوە".

ئاشكراشیكردووە: "دوای كوژرانی 13 چەكدارمان لە خان توومانی سەر بە شاری حەلەب سەرجەم پاسدارەكانمان لەو ناوچەیە كشاندوەتەوە، و دوای وەرگرتنی فەرمان لەسەرووی خۆمان ھەوڵ بۆ كۆنتڕۆڵ كردنەوەی خان توومان دەدەینەوە".

پێشتر بەرپرسانی سوپای ئێران رایانگەیاندبوو، لە شەڕی نێوان رژێم و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا  لە سەرەتایی ئەم مانگەدا 13 پاسدار كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.