كەنەكە بۆ 100 ساڵه‌ی سایكس-پیكۆ كۆبوونەوەیەكی رێكخست

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/83c12c8f-9d17-4950-8b95-c8882d2aea74/kobuunaway%20kongray%20nataway%20kurd.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

كۆبوونەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) بەبەشداری لایەنە سیاسیەكانی باشووری كوردستان لەشاری ھەولێر بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسە كردن لەسەر  تێپەڕبوونی سەد ساڵ بە سەر ڕێككەوتنامەی سایكس پیكۆ، تێیدا لایەنەكان پێشنیازی خۆیان خستە ڕوو بۆ چۆنیەتی كاركردن و ھەوڵدان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنامەكە.

2016 وادەی سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕێككەوتنامەی سایكس پیكۆ، رێككەوتنامەیەك كە كوردستانی بەسەر 4 وڵاتدا دابەش كرد.

لەسەرەتایی ئەمساڵیشەوە ھاوڵاتیانی كورد داوا لەلایەنە سیاسیەكانی سەرجەم پارچەكان دەكەن، بەیەكەوە كۆببنەوە و رێگایەك بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێككەوتنامەیە بدۆزنەوە.

دواجار كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كەنەكە كۆبوونەوەیەكی بۆ ئەم مەبەستە ڕێكخست.

لە كۆبوونەوەكە نوێنەری بەشێكی زۆر لەلایەنە سیاسییەكانی ھەر چوار پارچەی كوردستان بەشداریان تێدا كرد و پێشنیارەكانی خۆیان خستە ڕوو. بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی جڤاتی گشتی كە وا بریارە لە 16 و 17 ی ئەم مانگە لە برۆكسڵ بەرێوە بچێت قسەی لەسەر بكرێت.

سەرجەمیشیان لەسەر ئەوە ھاوڕابوون بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجە، پێویستە لایەنە كوردیيەكان لە نێوخۆیاندا یەكگرتوو بن.

لە ئایاری ساڵی 1916، دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، ڕێككەوتنامەیەكی نھێنی بۆ دابەشكردنی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا لەلایەن ھەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەڕیتانیا واژووكرا، ڕێككەوتنامەكەش بە ناوی ئەو دوو كەسایەتیە دیبلۆماسیە كرا كە ڕێككەتنامەكەیان واژۆكرد. كە بریتتی بوون لە  فرانسوا جورج پيكو ی فەرەنسی  مارك سايكس ی بەڕیتانی. بەھۆی ئەو ڕێككەوتنامەیەشەوە خاكی كوردستان بەسەر ھەریەكە لە وڵاتەكانی عێراق و سوریا و ئێران  وتوركیا دابەشكرا.