وەزیری پلاندانان دەنگۆیەك لەبارەی بڕینی مووچه‌ی فەرمانبەران رەتدەكاتەوە

"ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گه‌شتینه‌ رێككه‌وتن موچه‌ بەپێی داهاتی ناوخۆ دابه‌شده‌كه‌ین"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رەتیكردەوە، كە لە ئەنجومەنی وەزیران باسی بڕینی 30%ی مووچە فەرمانبەران كرابێت. ئاماژەی بەوەشدا "ھەموو ھەوڵێك دەدەین لەگەڵ بەغدا رێكبەوین، ئەگەر نه‌گه‌شتینه‌ رێككه‌وتن مووچه‌ بەپێی داهاتی ناوخۆ دابه‌شده‌كه‌ین".

د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ھەموو داھاتە نەوتی و نا نەوتییەكان، دەخرێنە پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی كوردستان و ئەو پڕۆژەیاساییە گومانەكان دەڕەوێنێتەوە، بە خشتەی تایبەت داھات و خەرجییەكان دەخرێنەڕوو".

راشیگەیاند: "ئەم مانگە كۆبوونەوەی وەزارەتەكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو دەبن و پڕۆژەیاساكە دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران، دوای پەسندكردنی دەنێردرێتە ئەنجومەنی شورا، پاشان دەنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان، بەپێی پلانی ئێمە پێش مانگی 3ی ئەمساڵ پرۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی كوردستان پەسند بكرێت و مانگی 4 ئیشی پێبكرێت".

سەبارەت بە دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق، وەزیری پلاندان گوتی: "ھەفتەی داھاتوو شاندی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكاتەوە، ھەموو ھەوڵێك دەدەین لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوین، ئەگەر رێكبكەوین ئەو پشكەی لە بەغداوە دەنێردرێت دەبێتە بەشێك لە داھاتەكان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێم، ئەگەر نەگەیشتینە رێككەوتن، ئەوا پشت بە داھاتی بە داتەكانی ناوخۆ دەبەستین. ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی چاكسازی دراون، بۆ زیادكردنی داھات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، بەجۆرێك نەبێتە بارگرانی لەسەر خەڵكی كوردستان، پێداچوونەوە بە داھاتی نەوتی دا بكرێت، وەك ئەنجومەنی وەزیران پێمان وایە خەرجییەكانی نەوتی زیاترە لە ئاستی خۆی، دەبێ خەرجییەكان كەمبكەینەوە و داھات زیاد بكەین، ھەروەھا داھاتی دەروازە سنوورییەكان بەرزبكرێتەوە، كاتێك ھەردوو داھات بەرزبوونەوە دەتوانین ئەوەی پێویستمانە لە مووچە و بودجەی بەكاربردن و وەبەرھێنان بیكەین، كاتێك كە داھات شەفاف بێت خەڵكیش باوەڕ دەكات و قبووڵی دەكات كە كەمكردنەوە لە مووچە و خەرجییەكان بكرێت".

د. دارا رەشید، ئەو دەنگۆیەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكرێت "ئەگەر ھەولێر و بەغدا نەگەنە رێككەوتن"، مانگە مووچەی فەرمانبەران بە 30% لێبڕین دابەشدەكرێت، ئاماژەی بەوەدا: "ئەو دەنگۆیە ھیچ بنەمایەكی نییە و ھیچ بڕیارێك نییە بۆ لێبڕینی مووچەی مانگانە بە لێبڕینی 30%، ئەگەر نەگەینە رێككەوتن، زۆرترین داھاتی ھەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەران و بژێوی خەڵكی كوردستان دەبێت، ئەگەر قەیرانی گەورەترمان نێتە پێش بڕی پارەی لێبڕاو لە مووچە زیاتر ناكرێت. ھەروەھا جەختدەكەینەوە ھەموو ھەوڵێكمان بۆ رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا، رۆژی یەكشەممەی ھەفتەی داھاتوو شاندی حكومەتی ھەرێم دەچێتەوە بەغدا، ھەروەھا رەنگە شاندێكی باڵای سیاسیش سەردانی بەغدا بكات".

لەبارەی پێكھێنانی ھێزێكی ھاوبەش لە دەروازە سنوورییەكان كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە، وەزیری پلاندانان رایگەیاند: "وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ ئەو ھێزەیان پێكھێناوە و دەستبەكار دەبێت، چونكە داھاتی دەروازە سنوورییەكان بەشێكە لە داھاتی سەرەكی ھەرێمی كوردستان".

ھ.م