لیوایه‌كى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ردوو یه‌كه‌ی 70 و 80 پێكده‌هێنرێت

سه‌رۆكی هه‌رێم بڕیاری پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌ت به‌ خورماتوو ده‌دات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a08ca697-2d2d-4571-9a4b-2f698b7f2573/XERMATU.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیاری پێکھێنانی لیوایەکی پێشمەرگەی داوە لەیەکەکانی حەفتاو ھەشتا بۆ خەڵکی خورماتوو، یەکێتیش ھەنگاوەکە بەگرنگ وەسف دەکات ودەڵێن: "چاوەڕوانی ھەنگاوی کردارین، خەڵکی خورماتووش ئومێدیان لەسەر ئەو ھێزە ھەڵچنیەوەو داوا دەکەن، کە لەزوترین کاتدا ھێزەکە دەست بەکاربن و له‌ سنووره‌كه‌دا جێگیربكرێن".

ئەو ھێزەی کە مەسعود بارزانی, سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیاری پێکھێنانی داوە لە شارۆچکەی خورماتوو, ھەنگاوی کرداری بۆ نراوەو بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بەکاربن، بەڵام تا ئێستا  شوێنی نیشتەجێ بوونی ھێزەکە دیار نيیە, ئاخۆ لەناو شار دەبێت یاخود دەرەوەی شارۆچکەکە.

بەڕێوه‌بەری ئاسایشی شارۆچکەی خورماتوو، زانیاری لەبارەی پێکھاتەی ھێزەکەوە دەدرکێنێت و دەڵێت: "بڕیارە ھێزەکە لە خەڵکی خورماتوو بێت و ئەرکیانیش پاراستنی ناوچە کوردنشینەکان دەبێت لە دەستدرێژییەکانی حەشدی شەعبی".

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ھێزی باڵادەستی سنوورەکەیە، پێشوازی لەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و داواش دەکەن ئەو ھێزە سەرجەم چین وتوێژەکان لەخۆی بگرێت و فراوانتر بکرێت.

داواکاری پێکھێنانی ھێزێکی تایبەتی پێشمەرگە بۆ شارۆچکەی دووزخورماتوو لەسەر داوای ژمارەیەک کەسایەتی ئەو شارە ھات کە چەند ھەفتەیەک بەر لەئێستا ئەنجامیاندا بۆ لای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان... ئەو کەسەی لەدانیشتنەکەی سەرۆکی ھەرێم، پێشنیاری پێکھانی ئەو ھێزەی کرد باس لەگرنگی دروست کردنی  ھێزەکە دەکات.

بەرپرسانی خورماتوو دەڵێن؛ کورد پابەندی ڕێکەوتنەکەی بووە لەگەڵ حەشدی شەعبی و ھێزەکانی پێشمەرگەی لەو شارۆچکەیە کشاندووه‌تەوە دەرەوەی شار، بەڵام تا ئێستا حەشدی شەعبی بەشێکی زۆری ھێزەکانی لە نێو خۆی شارۆچکەکە نەکشاندووه‌تەوەو کوردیش چەند جارێك ھۆشداری داوە لەو پێشێلکارییە.