سەرۆک بارزانی بەتووندی تەقینەوەکانی بەغدا ئیدانە دەکات

"لەناوبردن و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر، هەماهەنگیی بەردەوامی هەموو لایەك پێویستە"
وێنەیەکی ئەرشیڤیی سەرۆک بارزانی
وێنەیەکی ئەرشیڤیی سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەتووندی ئیدانەی تەقینەوەکانی ئەمڕۆی بەغدا دەکات و، دەڵێ "بۆ لەناوبردن و ریشەكێشكردنی تیرۆر، هەماهەنگیی بەردەوامی هەموو لایەك پێویستە".

لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی دەڵێ "بە داخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی كانوونی دووەمی 2021 لە ئەنجامی دوو كردەوەی تیرۆریستی لە شاری بەغدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی بێ تاوان شەهید و بریندار بوون. وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە تیرۆریستییانە دەكەم، سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و قوربانیانی ئەو ڕووداوانە دەكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم".

سەبارەت بە تیرۆریش، سەرۆک بارزانی رایگەیاند "تیرۆر دژی ژیان و ئاسوودەیی و ئارامییە و دوژمنی هاوبەشی هەموو لایەكمانە، بۆ لەناوبردن و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر، هەماهەنگیی بەردەوامی هەموو لایەك پێویستە. هیوادارم بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە زووترین كات ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو تاوانانەن بە سزای خۆیان بگەن".

تەقینەوەکانی ئەمڕۆی بەغدا لەلایەن دوو خۆکوژەوە لە بازاڕێکی کۆنەفرۆشانی بەغدا ئەنجامدران. بەپێی ئامارە فەرمییەکان تائێستا 28 کەس بەهۆی تەقینەوەکان کوژراون و 73ـی دیکەش بریندارن. لایەنە ئەمنییەکان ئۆباڵی تەقینەوەکان دەخەنە ئەستۆی داعش.

کەمێک پێش ئێستا، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سەبارەت بە تەقینەوەکان رایگەیاندبوو "هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان (ـی بەغدا) لەم کاتە سەختەدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی ھەر ھاوکارییەک کە پێویست بێت".

ئەم هەواڵانەش ببینە:

دوو خۆکوژ لە بەغدا خۆیان تەقاندەوە و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس

بە وێنە و ڤیدیۆ.. دوو تەقینەوەی خوێناوی بەغدایان هەژاند

 

هـ.ر.