له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی ئاماده‌یی بۆ هاوكاریكردنی به‌غدا ده‌ربڕی

نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان راسپێردراون و ئامادەن پێشوازی لە بریندارانی تەقینەوەکانی ئەمڕۆی بەغداد بکەن و چارەسەری پێویستیان بکەن.
دیمەنێكی شوێنی ھێرشەكە
دیمەنێكی شوێنی ھێرشەكە

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان راسپێردراون و ئامادەن پێشوازی لە بریندارانی تەقینەوەکانی ئەمڕۆی بەغداد بکەن و چارەسەری پێویستیان بکەن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستییدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ "كوردستان24" نێردراوه‌ هاتووه‌: "ئه‌مڕۆ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حه‌سه‌ن ته‌میمی وەزیری تەندروستی عیراقی فیدراڵ پێی رایگەیاند، کەوا لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر هاوکاریەکی پێویست و سەرجەم نەخۆشخانەکان ئامادەن بۆ پێشوازیکردنی برینداران و چارەسەرکردنیان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، كه‌ وەزیری تەندرووستی عێراقی فیدراڵ وێڕای ڕێز و سڵاوی زۆر و سوپاسگوزاری بۆ جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەڵوێستەی بە گرنگ و هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانە وەسف کرد.