ئەوروپا و ئەمەریكا: دەبێت تەواوی بەكرێگیراوان لە لیبیا دەربكرێن

كاتی ئەوە ھاتووە دۆخی ئێستای وڵاتەكە بگۆڕدرێت

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ پێجشەممە ئەوروپا و ئەمەریكا لە راگەیاندراوێكی ھاوبەشدا لەبارەی رەوشی لیبیا، جەختیان كردەوە لەوەی پێویستە تەواوی چەكداران و بەكرێگیراوان لەو وڵاتە دەربكرێن و پشتیوانیكردنی ئاگربەست بەردەوام بێت ودەستبەجێش رێگای كەناراوی بكرێتەوە.

ئەو راگەیاندراوە، كە لە لایەن ھەر یەك لە حكومەتەكانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، شانشینی یەكگرتوو و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەركراوە، گوتی: دەبێت رێز لەقەدەغەكردنی ھێنانی چەك بۆ لیبیا بگیرێت.

ھەرەوەھا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لەبارەی رێككەوتن لەسەر میكانیزمی ھەڵبژاردنی دەسەڵاتی جێبەجێكار، كە لیبیا بە ئاراستەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان دەبات لە 24 كانوونی یەكەمی داھاتوودا. گوتیشی: ئەمە ھەنگاوێكی گرنگە بەرەو یەكبوونی لیبیا.

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "ئێمە ھانی ھەموو لایەنەكانی لیبیا دەدەین بەپەلە و بەنیازپاكی رەفتار بكەن بۆ كۆتاییھێنان بە درووستكردنی حكومەتی یەكگرتوو و گشتگیر"، ئاماژەشیكرد، كاتی ئەوە ھاتووە دۆخی ئێستای وڵاتەكە بگۆڕدرێت.

راگەیاندراوەكە گوتی: "دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كۆنگرەی بەرلین، جەخت لەسەر رۆڵی یەكلاییكه‌رەوەی كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دەكەینەوە لە پشتیوانیكردنی چارەسەری سیاسی لە لیبیا، ئەمە جگە لە ھاوبەشی بەردەواممان لەگەڵ ئەندامانی كردەوەی بەرلین و ئەو پابەندیانەی گشتمان بەر لە ساڵێك لەسەر خۆمان سەپاندووە لە لوتكەی بەرلین بەبیر ھەموویان دێنینەوە كە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە 2510 ھێنایەكایەوە.

ئەمە و لیژنەی سەربازی 5+5 لە سەرەتای هەفتەی داھاتوو لە شاری سرت كۆ دەبێتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە كاراكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی ئاگربەست و گفتوگۆكردن لەسەر دانانی نەخشەیەكی زەمەنی و میكانیزمەكانی دەرچوونی بەكرێگیراوان و ھێزەكانی بیانی لە سەر خاكی لیبیا، كە لیژنەكە لێكۆڵینەوە لە درێژكردنەوەی ماوەی دەرخستنیان لە وڵات دەكات بۆ سێ مانگی نوێ، ھەروەھا لە كۆبوونەوەكەدا لێكۆڵینەوە لە كردنەوەی رێگا كەناراوی میسراتە – سرت دەكەن.

پێش چەند رۆژێك دانوستانەكانی لییبیا كارێكی گرنگیان ئەنجامدا بە دەنگدانیان لە سەر میكانیزمی ھەڵبژاردنی دەسەڵاتی جێبەجێكار بۆ ماوەی ئامادەكاری.

مەزندە دەكرێت، نوێنەرانی لایەنە ناكۆكەكانی ململانێی لیبیا، سبەی ھەینی لە گەڕەكی بوزنیقە لە نزیك "ریبات"ی پایتەختی مەغریب دەست بە دانوستانەكانیان بكەنەوە لەبارە دابەشكردنی پۆستەكانی سەروەری.